سایتی نێت بلاکس ڕایگەیاند، ماوەی 70 ڕۆژە تۆڕەکانی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتیی لەلایەن دەسەڵاتەوە لە ئێران سنوردار کراوە و دەشڵێت، بەهۆی سنوردارکردنی ئینتەرنێت قەیرانی ئابووری لە وڵاتەکە قوڵتر بووەتەوە.
سایتی نێت بلاکس، کە چاودێری گرفتەکانی ئینتەرنێت لەسەرانسەری جیهاندا دەکات دەڵێت، ماوەی 70 ڕۆژە، کە دەکاتە هەزار و 656 کاتژمێری بەردەوام، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران سنوردار کراوە، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمە درێژترین ماوەی سنوردارکردنی تۆڕەکانی ئینتەرنێتە لە سەرانسەری جیهاندا.
نێت بلاکس هۆشداریداوە، سەبارەت بە سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و ئاشکرای دەکات، سنوردارکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت گرفتی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، خوێندکاران، بزنسە بچووکەکان و خەڵکی گشتیی دروستکردووە و وایکردووە، قەیرانی ئابووری و بێکاری لەناو چین و توێژەکانی ئێراندا قوڵتر ببێتەوە.
لەسەرەتای دەسپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە، بەرپرسانی حکومەتی ئێران بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ هێڵەکانی ئینتەرنێتییان سنوردارکرد، لەئێستاشدا تەنیا چینێکی تایبەت کە زۆرینەیان سەر بە خودی حکومەتن، توانای دەستڕاگەیشتنیان بە هێلەکانی ئینتەرنێت هەیە.