جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ کوردێکی عێراقی لە سنور نەپەڕیوەتەوە بۆ وڵاتی ئێران.
دوای ئەوەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کە هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئێران چوون و دەستیان بە هێرش کردووە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "تەنانەت یەک کوردی عێراقیش لە سنور نەپەڕیوەتەوە، ئەم هەواڵە بە تەواوی ناڕاستە."
ئاماژە بەوەشدەکات، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەنەوە کە باس لە جووڵەی سەربازیی و چوونەناوەوەی هێزە کوردییەکان دەکەن بۆ ناو خاکی ئێران.
هەروەها ژووری ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) دەڵێن، "دەنگۆی ناردنی هێز هەیە لەلایەن هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەو هەواڵە ڕاست نییە و هێزەکانی ئێمە نەچوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان."