دوای ململانێیەکی تووندی نێوان یەکێتیی و پارتی لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 249 پەرلەمانتار، نزار ئامێدی کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژارد.
ئەمڕۆ شەممە 11ـی نیسانی 2026، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەتی بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجامدا. لە دانیشتنەکەدا کە 249 ئەندامی پەرلەمان تێیدا ئامادە بوون، نزار ئامێدی توانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت و بە فەرمی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق دەستنیشان بکرێت.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، کێبڕکێ لەنێوان نزار ئامێدی و موسەنا ئەمین هەبوو، موسەنا ئەمین 15 دەنگی بەدەستهێنا و و نزار ئامێدی، بە بەدەستهێنانی 227 دەنگی پەرلەمانتاران بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.
لە دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆمار و لە مەراسیمی سوێند خواردنی لەناو هۆڵی پەرلەماندا سەرۆککۆماری نوێی عێراق گوتی، پابەند دەبم بە دەستوور و بەگوێرەی دەستوور خزمەتی میلەتەکەم دەکەم و بەگیانی بەپرسیارێتی کار دەکەم بۆ چەسپاندنی ئاشتی.
نزار محەمەد سەعید ئامێدی، لە ساڵی 1968 لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە. خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە. لە ڕووی زانستییەوە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میکانیک لە زانکۆی موسڵ بەدەستهێناوە.