مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، ئاماژە بە سەردانی مانگی ڕابردووی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتە کرا.
هاوکات هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد و هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ، بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی کەرتی وزە لە عێراق تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کرایەوە، وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی داهاتی گشتی و باشترکردنی دۆخی دارایی وڵات.