ئەمڕۆ دووشەممە، مۆڵەتە 60 ڕۆژییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی هات، بەبێ ئەوەی هەردوولا بگەن بە ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە چوارچێوەی مەرجەکانی ئاگربەستەکەی مانگی حوزەیراندا.
لەگەڵ تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر ململانێی نێوان هەردوو وڵاتدا، ئەو لێکتێگەیشتنەی دوو مانگ پێش ئێستا ڕاگەیەندرا نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت، لەوانەش کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیووانیی بازرگانیدا.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووەتەوە کە بەسەرچوونی ئەم مۆڵەتە نیشانەی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و بەهێزبوونی هەڵوێستی تارانە، کە ئەمەش مەترسیی گەڕێکی نوێی ململانێی سەربازی لێ دەکرێت.
سەڕەڕای ئەوەی لە کۆتایی تەممووزەوە هیچ هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران ئەنجام نەدراوە، بەڵام هەردوو وڵات خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ جەنگێکی ئابووریی درێژخایەن و ئێران بۆ فشارخستنە سەر واشنتن، کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز بۆ تێکدانی بازاڕەکانی وزەی جیهان بەکار دەهێنێت.