سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی مۆساد ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناوخۆی ئێران بۆ گۆڕینی ڕژێم بەردەوام دەبێ و جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی دەزگاکەی لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران کردەوە.
دەیڤد بارنیا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی مۆساد لە ڕێوەڕەسمی یادکردنەوە هۆڵۆکۆستدا گوتی، مۆساد ڕاستەخۆ بەشداریکردووە لە ئۆپەڕاسیۆنەکانی ئەم کۆتاییەی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و چەندین بەڵگەی وردیی هەواڵگرییان سەبارەت بە بنکە موشەکییەکانی ئێران پێشکەش بە هێزە ئاسمانییەکان کردووە.
دەشڵێت، ئەوان هێشتا کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ئێران نەهێناوەو لە بڕوایەشدا نەبوون بەم زووانە جەنگەکە کۆتایی پێبێت. ئاشکرایشی کرد، پلانیان وەها بووە دوای هێرشەکانیان بۆ ناو جەرگەی تارانی پایتەخت ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام بێت.
جەختی لەوەش کردەوە، تەنها ئەو کاتە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانیان دەهێنن، جێگرەوەیەکی نوێ بۆ ئەم ڕژێمە توندڕەوە دیاریی بکرێت و دەستەوەستان نابن لەبەرانبەر هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران.
ئەم لێدوانانەی بارنیا ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ پەرەسەندنی ململانێ هەواڵگری و سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کە ئامانج لێیان گۆڕینی هاوسەنگیی هێزە لە ناوچەکەدا.