موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، ڕایگەیاند، بەهۆی هەنگاونەنانی ڕوونی تورکیا پڕۆسەی ئاشتی لە ئێستادا وەستێنراوە. دەشڵێت، دەوڵەت دەڵێت، سەرەتا چەکەکانتان ڕادەست بکەن ئینجا ئێمە هەنگاوە یاساییەکان جێبەجێ دەکەین کە ئەمەش شتێکی نا لۆژیکییە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە مانگێکە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان نەکراوە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی پرۆسەکە. سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە مانگی نیساندا حکومەت هەنگاوی یاسایی بنێت، بەڵام دەوڵەت پرۆسەکەی هەڵپەساردووە.
ئەندامی فەرماندەیی نەپەگە گوتوشیەتی، بەردەوامی گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان، دەریدەخات ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەر بوونی نییە، مۆڵەتدان بە شاندەکانیش بۆ سەردانی ئیمراڵی تەنیا لە چوارچێوەی بڕیارێکی کارگێڕیدایە.
موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوەش کرد، بزوتنەوەکەیان کۆتایی بە ستراتیژی 42 ساڵەی خەباتی چەکداری هێناوە، بە پێشەنگایەتی هاوڕێیان"بەسێ هۆزات" چەکیان سووتاندووە و هێزەکانیان کشاندووەتەوە، کە ئەمانە بڕیاری مێژوویی و ستراتیژی بووە. لە بەرامبەریشدا، حکومەت لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکهێناوە کە ئەنجامی کرداریی لێ نەکەوتووەتەوە.
دەشڵێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن پێویست بوو بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی قەییوم جێبەجێ بکرێت گەر حکومەت هەنگاوێکی وەهای بنایە پڕۆسەکە گەشەسەندنێکی بەرچاوە بەخۆیەوە دەبینی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بزووتنەوەکەیان پێداگری لەسەر پڕۆسەی چارەسەری و دیموکراتیکانەی ئۆجالان دەکات و ئاشکراشی کردووە کە زۆر لایەن دژی پڕۆسەکەن و بزوتنەوەکەیان ناچارە لە پێناو پاراستنی خۆی و گەلەکەیدا لەبەرانبەر هەر جۆرە ئەگەرێک نەک تەنها لەلایەن تورکیا، بەڵکو لەلایەن هێزەکانی تر پەرە بە ئامادەکارییە سەربازییەکانی بدات.