ئاژانسی هەرانا ڕایگەیاند،هێزە ئەمنیەەکانی حکومەتی ئێران 45 کەسیان لە پاڕێزگا جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەستگیر کردووە، شەش کەس لە گیراەکان خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هەرانا، 45 کەس لە حەوت پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیراون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دوو کەس لە پارێزگای کرماشان و چوار کەس لە پارێزگای ئیلام بە تۆمەتی ئەنجامدانی "کردەوەی تێکدەرانە" دەستگیرکراون.
هەروەها، 11 کەس لە دەستگیرکراوان خەڵکی پارێزگای ئەسفەهانن کە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "دەزگای هەواڵگریی مۆساد" دەستگیراون. لە لایەکی دیکەشەوە دوو کەس لە پارێزگای خوزستان و حەوت کەس لە پارێزگای کرمان، شەش کەس لە پارێزگای هەمەدان و 12 کەسیش لە پارێزگای هورمزگان دەستگیرکراون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگای شۆڕشی پارێزگای هەمەدان فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی 13 هاوڵاتی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ "دوژمن" دەرکردووە.