چیتر فێنکییەکەی سەرەتای هاوین نامێنێت و لە سبەینێوە چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلێکی گەرمای توند روو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
شارەزایەکی کەناسیش رایدەگەیێنێت کە ماوەی شەپۆلەکە درێژخایەن دەبێت.
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە 17-06-2026ـەوە، شەپۆلێکی گەرمای توند ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دەوروبەری دەگرێتەوە.
بە گوتەی ئەو شارەزایە، ئەم شەپۆلە بەهۆی راکێشانی پەستانی هەوای بەرز لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە دروستدەبێت و ماوەی بەردەوامبوونەکەشی بۆ کاتێکی نادیار و بێسنوور دەبێت.
پێشبینیی پلەکانی گەرما بۆ شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:
هەولێر: 39 بۆ 41 °C (ئەگەری هەیە بگاتە 42 °C)
سلێمانی: 35 بۆ 40 °C (ئەگەری هەیە بگاتە 41 °C)
دهۆک:37 بۆ 41 °C (ئەگەری هەیە بگاتە 42 °C)
کەرکووک: 40 بۆ 44 °C (ئەگەری هەیە بگاتە 45 °C)
هەڵەبجە: 38 بۆ 41 °C (ئەگەری هەیە بگاتە 42 °C)
ئیدارەی گەرمیان: 40 بۆ 46 °C (بەرزترین پلەی تۆمارکراو)
ناوچە شاخاوییەکان:20 بۆ 31 °C (فێنکترین ناوچە دەبن)
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە بوونی هەور لە ئاسماندا هیچ کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە گەرمای ناوچەکەدا دروست ناکات.
هاوکات رێنمایی هاووڵاتیان دەکات کە لە کاتەکانی نێوان 11ی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 4ی دوای نیوەڕۆ خۆیان لە تیشکی راستی خۆر بپارێزن، ئاوی زۆر بخۆنەوە و لە کارە قورسەکانی دەرەوە خۆیان بەدوور بگرن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکووک کە پلەکانی گەرما تێیاندا دەگاتە 46 پلەی سەدی.