ئامادەکردنی/ ئازاد عەلی
سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو لە دوای ساڵی ١٩٧٩ (دەرچوونی ئێران لە بازنەی هاوپەیمانێتی ڕۆژئاوا)، لەسەر بنەمای بیروڕای کارتەر داڕێژراوە کە دەڵێت، "هەر هەوڵێک لەلایەن هەر هێزێکی دەرەکییەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی کەنداو، وەک هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا دەبینرێت".
جەنگی یەکەم "زریانی بیابان"؛ ئەگەرچی بە ناوی دەرکردنی عێراق لە کوەیت دەستی پێکرد بەڵام ئامانج پاراستنی لێشاوی نەوت بوو. داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە مەترسیی ئەوەی دروست کرد، سەدام حوسێن کۆنترۆڵی ٢٠٪ی یەدەگی جیهانی بکات. ئەمریکا جەنگی سەقامگیرکردنی نرخی وزەی کرد.
جەنگی دووەم "ئازادیی عێراق"؛ بیانووی چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی، هەروەها بوونی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی لە عێراق ئامانجی گۆڕینی نەخشەی جیۆپۆلەتیکیی وزەی لە خۆیدا حەشار دابوو. ئەمریکا دەیویست بە کۆنترۆڵی نەوتی عێراق کۆتایی بە هەژموونی ئۆپێک بهێنێت؛ پرسێک کە ئێستاش گیرۆدەی بەردەم سیاسەتی ئەمریکایە.
جەنگی سێیەم "توڕەیی داستان"؛ لەم وێستگەیەشدا کە ئامانج بەکارهێنانی وزە وەک چەک و گەیشتنی داستانی ٤٠ ساڵ ململانێیە بە لوتکەی خۆی، پرسی ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران شەرعیەتی بە دەستپێکردنی جەنگ بەخشی. گەمارۆی دەریایی بۆ سەر گەرووی هورمز و بەندەرەکانی ئێران وەک ئامرازی "خنکاندنی ئابووری" بەکاردێت بۆ پاشەکشەکردن بە پڕۆژە نێودەوڵەتی و هەرێمەییە دژبەرەکانی ئەمریکا.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی ڕابردوو گەمارۆدانی گەرووی هورمزی وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی وزە بە وڵاتی چین ناوبرد.
جەنگەکانی کەنداو ئاوێنەی گۆڕانی هێزی جیهانیین
جەنگی یەکەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، ئەمریکا تاکە هێزی بێ ڕکابەر بوو. ڕوسیا لاواز و چین هێشتا نەببووە زلهێز و هاوپەیمانێتییەکەی ئەمریکا نێودەوڵەتی و گشتگیر بوو.
جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی ٢٠٠٣ سەرەتاکانی پێکهێنانی نەزمی نوێی جیهانییە. ئەمریکا هەستی بە هێزی ڕەهای خۆی دەکرد و بەبێ ڕەزامەندیی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە دژایەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا جەنگی دەستپێکرد. ئەمە دەستپێکی درزیش بوو لە بلۆکی ڕۆژئاوا.
جەنگی سێیەم لە ساڵی ٢٠٢٦ هاوکاتە لەگەڵ فرەجەمسەربوونی جیهان. لە ململانێی ئێستای ئەمریکا لەگەڵ ئێران تاوەکوو دێت زیاتر پرسی کەنداو لە جەنگەکەدا ئاشکرا دەبێت. هاوکات ململانێ و ناکۆکیی جەمسەرەکانیشی روونتر بووە.
بەڵگەکانی بەردەوامیی پلانی ئەمریکا ١٩٩١-٢٠٢٦
بنکە سەربازییەکان؛ ئەو بنکانەی لە ساڵی ١٩٩١ لە سعودیە و کوەیت و قەتەر دامەزران، لە ساڵی ٢٠٠٣دا بوونە سەکۆی هێرش بۆ سەر عێراق لە ئێستا و ساڵی ٢٠٢٦ـیشدا بوونە ژێرخانی سەرەکیی گەمارۆدانی ئێران.
سەپاندنی گەمارۆ؛ ئەمریکا مۆدێلی گەمارۆکانی عێراق لە ١٩٩۰ بۆ ٢٠٠٣ـی گەشە پێدا و بۆ جارێکی دیکە لە مێژوودا بەسەر ئێراندا جێبەجێی کرد.
دانوستانی تاکتیکی؛ لە هەرسێ قۆناغەکەدا، ئەمریکا پێش جەنگەکان دانوستانی وەک ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە هێرش بەکارهێناوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پێش هەر سێ جەنگەکە بە ئامانجی نیشاندانی ئەمریکا بوو وەک لایەنێکی ئاشتیخواز کە ناچار کراوە پەنا بۆ جەنگ ببات.
جەنگی سێیەمی کەنداو وەک کۆتایی یارییەکە
ئەگەر جەنگی یەکەمی کەنداو عێراقی لاواز کرد و جەنگی دووەم سیستمەکەی لەناوبرد، ئەوە ئامانج لە جەنگی سێیەم داخستنی دوایین دۆسیەی کراوەی سەدەی بیستەمە لە ناوچەکەدا؛ ئەو ململانێیەی کە ئێستا گەیشتووەتە لووتکە، ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشە جیۆپۆلەتیکییانەی کە لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا بە هەڵواسراوی مانەوە و چارەسەر نەکران.
بەم پێیە هەر سێ جەنگەکە لە خزمەت ئەجێندای مانەوەی کەنداو وەک ناوچەیەکی نفوزی ئەمریکا و دوورخستنەوەی هەر ڕکابەرێکی نێودەوڵەتی یان هەرێمییە لە سەرچاوەکانی وزە. گۆڕانکارییەکانی ئێستاش تەنها نوێکردنەوەی هەمان پلانە کە لە ساڵی ١٩٩١ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پێنتاگۆندا داڕێژران.