لیژنەی بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە ناوچەی جزیرێی سەر بە پارێزگای شرناخ کۆنفرانسێکی بە درووشمی "کۆمۆن شارەوانییە و شارەوانی کۆمۆنە" ساز کرد، تێیدا جەخت لەوە کرایەوە شارەوانییەکان بە بەشداریی ڕاستەوخۆی گەل بەڕێوە دەبرێن.
کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی شارەوانی شرناخ و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوە چوو.
مەتین کڵاوز، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکان، ئاماژەی بەوە کرد، کۆنفرانسەکە بۆ جێبەجێ کردنی پارادایمی (دیموکراتی، ژینگەیی و ئازادیی ژن)ـە و دەیانەوێت ئەزموونی کردەیی خۆیان لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێنن.
لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای گۆشەگیری و دەرفەتی کەم لە ئیمراڵی، عەبدوڵا ئۆجالان توانیویەتی پارادایمێکی بە هێز بۆ بەڕێوەبردنی دیموکراتییانەی کۆمەڵگە دابڕێژێت، کە ئێستا ئەوان لە شارەوانییەکاندا پەیڕەوی دەکەن.