ماڵپەڕی دەنگی دەستبەسەرکراوانی کورد و ئێرانی ڕاپۆرتێکی لە بارەی خراپیی دۆخی زیندانیانی سیاسیی ژن لە زیندانی ئێڤین بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی زیندانەکە فەرمانێکی نوێیان دەرکردووە، تێیدا هەڕەشە لە ژنانی زیندانی کراوە لە ئەگەری بەشداریکردن لە کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە"، ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتوە، بە گوێرەی فەرمانی بەرپرسانی زیندانەکە، هەر جۆرە چالاکییەک وەک مانگرتن، گوتنی دروشم و کۆبوونەوە، دەبێتە هۆی گواستنەوەی زیندانیان بۆ ژووری تاکەکەسی و بێبەشکردنیان لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان.
هەروەها ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ژووری تاکەکەسی وەک ئامرازێکی ئەشکەنجە و ترساندن بەکاردەهێنن بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان لە ناو زینداندا، ئەمەش نیشانەی توندتربوونی گۆشەگیری و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە لەو وڵاتەدا.