له دیمهشق كۆنفرانسی کێشەکانی یاسای ڕەگەزنامەی سوریا، بەدیهێنانی یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا، بەڕێوەچوو چالاكوانانی كورد داوایان کرد کۆتایی بە پەراوێزخستنی یاسایی کوردان بهێنرێت.
كۆنفرانسهكه لە هۆڵی ڕەزا سەعید لە دیمەشق ئهنجامدرا، ئەڤین یوسف ڕۆژنامەنووس و ئەندامی تۆڕی قوربانیانی بێناسنامە لە حەسەکە ڕایگەیاند، بەکارهێنانی دەستەواژەی گەڕانەوەی ڕەگەزنامە زۆر ڕاستترە لە پێدانی ڕەگەزنامە، چونکە ئەم خەڵکە لە بنەڕەتدا هاوڵاتیی سوریان و ئەم مافەیان لێ زەوتکراوە.
گوتیشی، پێویستە چاکسازیی یاسایی هەموو ئەو کەسانە بگرێتەوە کە بێناسنامە ماونەتەوە، تەنانەت ئەوانەشی ئێستا لە دەرەوەی وڵاتن.
کۆنفرانسەکە تیشکی خستەسەر مێژووی چەوساندنەوەی کوردان لە ڕێگەی یاساکانی تایبەت بە ڕەگەزنامەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
لهسهردهمی ڕژێمی بەعسی سوریادا لە پارێزگای حەسەکە سەرژمێرییەکی ئەنجام دا کە تێیدا زیاتر لە 100 هەزار کوردی لە مافی ڕەگەزنامە بێبەش کرد.
تا ساڵی 2011، ژمارەی ئەو کوردانەی بەبێ ناسنامە مابوونەوە گەیشتە 517 هەزار کەس.
سەرەڕای هەندێک بڕیاری پێشوو، هێشتا زیاتر لە 150 هەزار کورد لە سوریا بێناسنامەن و لە مافی کار، تەندروستی و خوێندن بێبەشن.
عەباس عەلی موسا، ئەندامی کۆمەڵەی پێکەوەیی قوربانیان، کێشەی بێ ڕەگەزنامەیی کوردانی بە برینێکی کۆن ناوبرد و داوایکرد بڕیاری ژمارە 13 لە چوارچێوەیەکی دەستوریدا جێبەجێ بکرێت.
لە کۆنفرانسەکەدا، ڕێککەوتن كرا لهسهر ئهوهی پێویستە دەوڵەت هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان لە هەموو ئاستەکاندا قبوڵ بکات، ههروهها کێشەی کورد وەک هەڵەیەکی مێژوویی بناسێنرێت و هەنگاوی کردەیی بۆ چاکسازیی یاسایی بنرێت، هاوكات جگە لە پێدانی ناسنامە، پێویستە قەرەبووی ئەو قوربانیانە بکرێتەوە، کە دەیان ساڵە بەهۆی بێ ڕەگەزنامەییەوە ژیانیان تێکچووە.