37 پارت، تەڤگەری سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنی لە سوریا، لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد و هۆشدارییان دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەو هێرشانە لەسەر ناوچەکە.
لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، زنجیرەیەکی نوێی ئەو شەڕە هەرێمییەیە کە لە نێوان (ئیسرائیل و ئەمریکا) لە لایەک و (ئێران) لە لایەکی دیکەوە لە ئارادایە. ئەو لایەنانە جەختیان کردەوە کە هەرچەندە ئەم جەنگە هێزە دکتاتۆرەکان لاواز دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی گەلان و ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات و بەرەو داڕمانی دەبات.
ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بە ئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت، کارێکی تیرۆریستییە.
ئەو 37 لایەنە، وێڕای هیوای سەلامەتی بۆ نێچیرڤان بارزانی و خێزانەکەی، پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی باشووری کوردستان دووپات کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گەلی سوریا کە ڕۆژانە باجی شەڕە هەرێمییەکان دەدات، دەزانێت کە ئاشتیی ڕاستەقینە تەنیا بە کۆتاییهێنان بە سیاسەتی توند، دەستوەردانی دەرەکی و بنیاتنانی پەیوەندیی برایانە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی گەلان، دێتە دی.
دیارترین لایەنەکان:
- کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)
- پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)
- پارتی دیموکراتی کوردستان - سوریا (پەدەکەسە)
- تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤ دەم)
- کۆنگرەی ستار
- پارتی سوریای پاشەڕۆژ
- پارتی یەکێتیی سریانی و پارتی ئاشووری دیموکرات
- پارتی کۆمۆنیستی کوردستان و
چەندین لایەنی سیاسیی عەرەبی و کوردی دیکە.