هاوپه‌یمانیی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعەکان نه‌یتوانی كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران یه‌كلایی بكاته‌وه و كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئێواره‌ی ئەمڕۆیان دواخست بۆ كاتێكی نادیار.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بە ئاژانسی به‌غدادی ڕاگه‌یاندووە، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی شەوی دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، دواخراوه بۆ كاتێكی نادیار، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتر بدرێت به لایه‌نه سیاسییه‌كانی هاوپه‌یمانیی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی تاوەکو لێكتێگه‌یشتن و كۆده‌نگیی دروست بێت له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، كۆبوونه‌وەکە یه‌كلایكه‌ره‌وه‌یه و پێویستە له 48 كاتژمێری داهاتوو ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه باس له سه‌ره‌تای هه‌فته یان كۆتایی هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، كۆبوونه‌وه‌كه به‌هۆی ناكۆكیی لایه‌نه سیاسیه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌شی سه‌رۆكوه‌زیران دواخراوه.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رقلئه‌وسه‌ت له زاری گه‌وره به‌رپرسێكی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی سودانییه‌وه بڵاویكردووەتەوە، له ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا سودانی له‌لایه‌ن نۆ سه‌ركرده‌ی لایه‌نی سیاسی هاوپه‌یمانییه‌كه پشتیوانیی لێده‌كرێت بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران.
به‌گوێرەی ماده‌ی 76ـی ده‌ستوری عێراق دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار، ده‌بێت گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیی له ماوه‌ی 15 ڕۆژدا كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران دیاری بكات و ڕاده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ.