قەیرانی بەنزین لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان و وێنەی سەری درێژی ئۆتۆمبێل لە بەنزینخانەکاندا پڕ بووە لە میدیاکان، لە کاتێکدا حکومەت هۆشداری دەدات لەوەی ناتوانێت پێداویستیی ڕۆژانە دابین بکات و ترسی لە دروستبوونی خۆپیشاندانی جەماوەری هەیە.
سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەنزین وەڵامدەرەوەی پێداویستیی ڕۆژانە نییە. بەگوێرەی ئاماری فەرمی، بەرهەمی ڕۆژانەی بەنزین نزیکەی ١١٥ ملیۆن لیترە، لە کاتێکدا بەکارهێنان گەیشتووەتە ١٣٢ ملیۆن لیتر، واتە ڕۆژانە ١٧ ملیۆن لیتر کەموکوڕی هەیە و لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بڕێکی زۆریش بەقاچاخ دەبرێت.
حکومەت لەلایەک بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە پارەی پێویستی بۆ هاوردەکردنی بەنزین لەبەردەستدا نییە و ناچارە بیر لە بەرزکردنەوەی نرخەکەی بکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە زۆر نیگەرانە لەوەی ئەم قەیرانە ئابورییە ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩. لەم چوارچێوەیەدا، سوپای پاسداران هۆشداریی داوە بە هاوڵاتیان کە نابێت لە ژێر کاریگەریی میدیاکاندا بکەونە خۆپیشاندان.