قایمقامییەتی ناوەندیی کەرکوک ڕێنمایی نوێی لە بارەی قوربانیکردنی ئاژەڵان لە ڕۆژانی جەژنی قوربان دەرکرد و تێیدا بە هەموو شێوەیەک سەربڕینی ئاژەڵی لە نێو ماڵان و کۆڵان و گەڕەکەکاندا قەدەغە کرد.
بە گوێرەی ئەم بڕیارە، پێویستە پرۆسەی قوربانیکردن تەنها لەو سەربڕخانانەدا ئەنجام بدرێت کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و لە ژێر چاودێریی تەندروستیدان.
لە ڕێنماییەکەدا جەخت کراوەتەوە، هەر کەسێک پابەندی بڕیارەکە نەبێت و لە دەرەوەی شوێنە دیاریکراوەکان ئاژەڵ سەر ببڕێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە.
هاوکات، قایمقامییەت موختاری گەڕەکەکانی ڕاسپاردووە، چاودێریی وردی ناوچەکانیان بکەن و لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک لە ناو گەڕەکەکاندا، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.