غوڵام موحسینی ئەژەیی ڕایگەیاند، ئێران بەقەد سەرە دەزییەک پاشگەز نابێتەوە لە ڕووبەڕوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەهیچ شێوەیەک ملکەچی خواستەکانیان نابێت و بەردەوام دەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی سیاسەتە هەنوکەییەکانی.
غوڵام موحسینی ئەژەیی سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاند، لەپێناو لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل لە ماوەی جەنگی 40 ڕۆژەدا چەندین ڕێکاری نایابیان لە ئاستی یاسای نێودەوڵەتی ئەنجامداوە و لەسەر ڕێبازی ڕێبەری وڵاتەکەیان سیاسەتی وڵات بەڕێوەدەبەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمارکردنی ڤیدیۆ و پۆستکردن لە تۆڕی ئێکس هەمان سزای سیخوڕیکردن و هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمنی هەیە و مامەڵەی هاوشێوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
گوتیشی، بەهیچ شێوەیەک سازش لەگەڵ ئەو کەسانەدا ناکرێت کە سیخوڕی و هاوکاری دوژمنیان کردووە و لەمەودوا ڕێکارەکانی دادگاییکردن و سەپاندنی سزا بەسەریاندا خێراتر ئەنجامدەدرێت.
دوابەدوای هێرشی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەزگای دادی ئەو وڵاتە چەندین یاسا و ڕێکاری لەپێناو ئاسانکاری بۆ سەرکوتکردنی و کپکردنی سەرجەم دەنگە ناڕازییەکانی ناوخۆی وڵات و دروستکردنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن دەرکردووە.