وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، هەناردەی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی ناوەندی گەیشتووەتە ٢.٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
سەلیم ڕەکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، گوتوویەتی ناوچەکانی باشووری عێراق نزیکەی ٢.٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکەن، لە کاتێکدا هەناردەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە نێوان ٢٥٠ تا ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدایە.
ڕەکابی بە ڕۆژنامەی حکومی «ئەس-سەباح»ی گوتووە، داهاتی مانگانەی عێراق لە هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمەکانی تری وەک نەوتی سووتەمەنی، لە نێوان ٤.٥ تا ٥ ملیار دۆلارە و ڕاستەوخۆ دەچێتە بودجەی گشتیی وڵاتەوە.
بەپێی وەزارەتی نەوت، جەنگی ئەمریکا و ئێران و داخستنی تەنگەی هۆرمز کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەناردەی نەوت و ئابووریی عێراق داناوە، چونکە بەشێکی زۆری نەوتی عێراق لە ڕێگەی ئەم ئاودەڕگە ستراتیژییەوە هەناردە دەکرێت.
بەغدا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی داخستنی تەنگەی هۆرمز، هەوڵی بەکارهێنانی ڕێگاکانی جێگرەوەی گواستنەوەی نەوت دەدات. لە مانگی ئابدا، عێراق و تورکیا ڕێککەوتنێکی ساڵانەیان واژۆ کردووە بۆ گواستنەوەی ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرەو جەیهان.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا داوای زیادکردنی هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە چوارچێوەی پلانی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵانی ٢٠٢٧ تا ٢٠٣٠.