وەزیری پلاندانانی عێراق بەوەکالەت ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان ئامادەکاری تەواوی کردووە بە مەبەستى هاوکاری حکومەتی داهاتوو لە ڕێگەی دابینکردنی زانیاری ورد، کە دەبنە بنەما بۆیان تا بتوانن بەشێوەیەکی زانستی ڕووبەڕووی کێشەکانی هەژاری و بێکاری ببنەوە.
خالید بتال، وەزیری پلاندانان دەشڵێت، دەرئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئاماژە بە زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان دەکەن، ئەمەش پێویستی بە پلاندانانی نوێ هەیە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.
گوتیشى، ڕێژەیەکی زۆر لە فەرمانبەران لە وەزارەتەکاندا تەنها وەک "ژمارە" هەژمار دەکرێن و لە ڕاستیدا ڕووبەڕووى بێکاریی شاراوە بوون، واتە بوونیان لەناو دامەزراوەکاندا بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی نییە.
ئاماژەى بەوەشکرد، کۆمەڵێک داتای ورد و پێشنیازی کردەیمان ئامادەکردووە و لەگەڵ چەند وەزارەتێک کار دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن و دەرچووانی زانکۆ لەگەڵ بازاڕی کاردا بگونجێندرێن بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.