ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی یەکێک لە ژنە پێشەنگەکانی کوردە لە هەڵەبجە بە ناوی عادیلە خانم، کە شکستی بە سیاسەتی داگیرکاریی عوسمانییەکان هێنا و پارێزگاری لە ناسنامەی کورد و بەهێزکردنی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی کرد.
ئەمڕۆ 102 ساڵی تەواو تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی عادیلە خانم، کە زیاتر لە سەدەیەك پێش ئێستا و لەناو كۆمەڵگەیەكی قاڵبوو بە دابوونەریتی كۆمەڵایەتیی توانای ژنی سەلماند و حەقیقەتی توانای ژنی كوردیی لەو سەردەمەدا بۆ هەموولایەک ئاشکرا کرد، هەروەها لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا هەوڵی هۆشیاریی و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەی دا و دژی داگیرکاریی وەستایەوە.
عادیلە خانم، دایکی ئەحمەد موختار جاف و تاھیر بەگی جاف دوو شاعیری ناوداری کورد بوون، لە ساڵی 1859 لە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە و لە تەمەنی 18 ساڵیدا ژیانی هاوژینی لەگەڵ عوسمان پاشای جاف پێکهێناوە و لە هەڵەبجە نیشتەجێی بووە.
لە 11ـی مانگی نیسانی 1924 و لە تەمەنی 65 ساڵیدا لە هەڵەبجە کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی عەبابەیلێی بە خاک سپێردراوە.
لە دوای ئەوەی سەرۆکایەتی ھۆزی جاف دەکەوێتە ئەستۆی عوسمان پاشا، عادیلە خانم دەبێتە یارمەتیدەرێکی کارای هاوژینەکەی، دواتر لە ساڵی 1889 عوسمان پاشا دەبێتە قایمقامی هەڵەبجە دەرفەتی زیاتر بۆ عادیلەخان دەڕەخسێت، تاوەکو لەگەڵ هاوژینەکەی بەشداریی لە ڕاپەڕاندن و جێبەجێكردنی كارەكانی كاروباری كارگێڕیی و حكومی شارەكە بكات.
هەرچەندە عادیلە خانم لە بنەڕەتدا لە جافەكان نەبوو، بەڵام بە بیر و فكری خۆی توانی بە لێهاتووی خۆی ڕۆڵێكی كارا ببینێت لە ناو عەشیرەتی جافدا، هەر بۆیە دوای مردنی هاوژینەکەی لە ساڵی 1905، عادیلە خانم ھەموو کاروباری ھۆزی جافی گرتە ئەستۆ، بەهۆیەوە ناوبانگی لە هەموو ناوچەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بووە و لای ئینگلیزەكان بە شاژنی بێتاجی شارەزوور ناودەبرا.
عادیلە خانم لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خۆیدا بە شێوەیەکی کارا ناوچەکەی بەڕێوەبرد و نیشانیدا کە ژن دەتوانێت سەرکردایەتی بکات، ئەمە بوو هۆی پاڵپشتیکردنی ژنانی دیکە بۆ بەشداریکردن لە ژیانی گشتی، هەروەها بۆ باشتر کردنی دۆخی ژنانی ناوچەکە هەوڵیدا بەتایبەتی لە بوارەکانی خوێندن و مافە کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵیدا ژنان بەشداری زیاتر لە کۆمەڵگەدا بکەن.
دوای سەردەمی عادیلە خانم، ژنانی کورد بەشدارییەکی بەرچاویان لە کایەکانی سیاسی، کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە خۆوە بینی، لە پێشەنگایەتی کردندا ڕۆڵی کاریگەرییان هەبووە، هەروەها لەم سەردەمەدا کۆمەڵگای کوردی بە ڕووی جیهاندا کراوەتەوە و دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ پێشخستنی تواناکانیان و ڕۆڵی خۆیان نیشان بدەن.
عادیلە خانم نەک تەنها سەرکردەیەکی ناوخۆیی بوو، بەڵکو بووە هێمایەک بۆ توانای ژنان لە کۆمەڵگەی کوردی، پێشەنگبوونی ئەو ڕێگای خۆشکرد بۆ بەشداریکردنی ژنان لە بزووتنەوە نەتەوەیی و گەشەپێدانی یەکێتی نەتەوەیی.