بۆ ڕۆژی دووەم لەسەریەک، شەڕی سەخت لە ناوچەی شارستێن لەسەر ڕێگای مههاباد – پیرانشار بەردەوامە، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) درێژە پێدەدەن.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەکان، ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵێکی توندی سەربازیدایە و پێکدادانەکان لە دەوروبەری شارستێن، دۆڵی قەلەوەران و مامشاڵ چڕبوونەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە 200 موشەکی کاتیوشای لە پێگەکانی نزیک کانی "وەلیزادە"وە بەرەو ناوچەی "هەوارەبە" تەقاندووە، هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی بۆ ئاڕاستەکردنی هێرشەکان بەکارهێنراون.
هەروەها ئەو سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە کە فڕۆکەیەکی سیخوڕی سوپای پاسداران لەلایەن شەڕڤانانی یەرەکەوە بە چەکێکی دوورهاوێژ خراوەتە خوارەوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئەوەشیان ڕاگەیاندووە کە چەندین ئەندامی سوپای پاسداران لەم شەڕانەدا کوژراون یان بریندار بوون، ئەگەرچی ئەم زانیارییانە لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکان یان بەرپرسانی ئێرانەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
هاوکات، سەرچاوەکانی نزیک لە یەرەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهۆی سەختی شەڕەکەوە پێدەچێت لە ڕیزی شەڕڤانانی ئەوانیشدا هاوڵاتی یان زیانی گیانی هەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دواتر زانیاری زیاتر بڵاوبکرێتەوە.
بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران و چەکدارانی خۆجێیی لایەنگری حکومەت لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێشتا بەردەوامن.