شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە دژی هیچ لایەنێک نییە و ئامانجی سەرەکی گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی و خزمەتکردنی خەڵکە؛ هۆشداریشی دا لەوەی کە ئەگەر فریای هەرێمی کوردستان نەکەون، لە مەترسیدایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، شاسوار عەبدولواحید لەمەراسیمی واژۆکردنی ڕێکەوتنامەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێدا ڕایگەیاند، ئەگەر بەرژەوەندیی خەڵک بخرێتە پێشەوە، ئەوا هەموو لایەک سەرکەوتوو دەبن، جەختیشی کردەوە کە ئێستا کاتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیە کە بە هاووڵاتییانیان داوە. ڕاشیگەیاند:
"هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و ئەگەر فریای نەکەون، ئەم هەرێمە نامێنێت؛ ئەم ساتەش پێویستی بە ئازایەتیی بڕیاردان هەیە و دەبێت هەموو لایەنەکان هەڵوێستیان هەبێت."
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕەخنەی توندی گرت و گوتی:
"نابێت چیتر یەک لایەن پۆستی سەرۆکی حکومەت و هەموو پۆستەکانی لەدەست بێت. پێویستە هەرێمی کوردستان بە ئیرادەی خەڵک بەڕێوەببرێت، نەک بە ئیرادەی بنەماڵەیەک."
شاسوار عەبدولواحید یەکێک لە خاڵە ستراتیژییەکانی ڕێککەوتنەکەیانی ئاشکرا کرد و گوتی، لەگەڵ یەکێتی لەسەر نووسینی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون، تاوەکو چوارچێوەی یاسایی بۆ حوکمڕانی دیاری بکرێت.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا دەرگای بۆ هێزەکانی دیکە واڵا کرد و ڕایگەیاند، پێشوازی و بەخێرهاتنی هەر لایەنێکی سیاسی دەکەن کە بیەوێت بێتە ناو ئەم هاوپەیمانییەوە بە مەبەستی گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانیدا.