نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی (دەم پارتی) کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتی و داڕشتنی یاسای چوارچێوەی پرۆسەکە پێش پشووی هاوینی پەرلەمان تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە نووسینگەی خۆی لە پەرلەمان، پێشوازی لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مەدحەت سانجار کرد کە وەک ئەندامانی شاندی ئیمراڵی ناسراون.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لە دیدارەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ڕێکارانە کراوە کە لە ڕاپۆرتی "کۆمیسیۆنی هاوسۆزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" (کۆمیسیۆنی ئاشتی) ئاماژەیان پێکراوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتیی.
شاندی دەم پارتی جەختیان لە گرنگیی خێراکردن لە پەسندکردنی چوارچێوەی یاسایی پرۆسەکە کردەوە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی یاسایی خۆیەوە.
لای خۆیەوە، کورتوڵموش هاوڕایی خۆی لەگەڵ دەستپێشخەرییەکە نیشاندا و ڕایگەیاند کە پێویستە "یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی" پێش پشووی هاوینی پەرلەمان (لە 15ی تەممووزدا) پەسەند بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش تا کۆتایی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ مسۆگەرکردنی ڕۆڵی کارای پەرلەمان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە تاوەکو ئێستا پێشکەوتنی گرنگ بەدەستهاتوون و پێویستە قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکە لەژێر چەتری پەرلەمان و بە هەنگاوی یاسایی کۆنکرێتی بگەنە وێستگەی کۆتایی.
ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای نەخشەڕێگەیەکی7 مادەیی بەڕێوەدەچێت؛ کاتێک لە لایەک پرسی چەکدانانی پەکەکە لەسەر مێزەکەیە، لە لایەکی دیکەشەوە دەم پارتی داوای گەرەنتیی یاسایی و دیموکراسی لە دەوڵەت دەکات بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.