سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، قەیرانی کەمی غازی ماڵان بەرەو کۆتایی دەچێت و ڕۆژانە لە کۆرمۆرەوە 240 تۆن غاز هەناردەی سنوری سلێمانی.
عومەر عەبدوڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قایمقامیەتی سلێمانی بە نوچە تیڤی گوت، بەمزووانە دابەشکردنی غازی ماڵان، وەک پێش دەستپێکردنی جەنگ و دروستبوونی قەیرانی غازی لێدێتەوە، چونکە ئێستا ڕۆژانە 240 تۆن غاز هەناردەی سنوری سلێمانی دەکرێت لە کۆرمۆرەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە غازەی بۆ کارگەکانی غاز دێتە سنوری سلێمانی لەڕێگەی 12 بارهەڵگرەوەیە کە نیوەی بۆ ناوشارە و ئەوی دیکەشی بۆ دەرەوەی سلێمانییە.
سلێمانی ڕۆژانە پێویستی بە 120 بۆ 140 تۆن غازە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، بە گوتەی لایەنی پەیوەندیدار لە کاتی شەڕدا ئەو بڕە بۆ کەمتر لە 80 تۆن واتا نیوە کەمیكردبوو.