موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، پاڵپشتی توندی خۆی بۆ هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی دەربڕی و بە "چاکسازیی پاڵەوانانە" وەسفی کرد، هاوكات داوای لە گوتارخوێنان کرد ڕۆژی هەینی گردبوونەوەیەکی ئاشتیانە ساز بکەن.
موقتەدا سەدر لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەوەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران لە هەڵمەتی دەستگیرکردن لە دژی گەندەڵکاران دەیکات، هەڵمەتێکی چاکسازیی پاڵەوانانەیە و هیوادارین بەردەوام بێت."
سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە کە گەندەڵکاران دەستیان گرتبوو بەسەر سەروەت و سامانی عێراقدا، و ئەم هەڵمەتەی عەلی زەیدی، ئومێدی بۆ ئەوان و دڵی گەلی عێراق گەڕاندووەتەوە.
سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە ستایشی ڕۆڵی دادگا و هێزە ئەمنییەکانی کرد، بەتایبەت هێزی دژەتیرۆر، و ڕایگەیاند: "بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم هەڵمەتە، پێویستە گوتارخوێنانی مزگەوتەکان ڕۆژی هەینی سەرپەرشتیی گردبوونەوەیەکی مەدەنییانە بکەن و ئاڵای چاکسازیی ئیمام حوسێن هەڵبگرن."