کەناڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی ڕایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، سێیەم ڕێبەری باڵای ئێران بە یاوەری کەسایەتییە سەربازییەکانی ئێران ڕۆڵێکی گرنگ و ستراتیژی لە بەڕێوەبردنی جەنگی ئێران دەگێڕێت.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر نوسینگەی سەرەکی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و برینداربوونی موجتەبا لە هێرشەکەدا، هێشتا نەیتوانیوە بەشێوەیەکی چالاک و ڕاستەوخۆ لە کۆبوونەوەی باڵای بەرپرسانی ئێران بەشدار بێت.
سی ئێن ئێن ئاشکراشی کردووە موجتەبا خامنەیی، بەهۆی خراپی سووتان لە دەست و دەموچاویدا بەردەوامە لە وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی و پێشتریش ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕایگەیاندبوو، موجتەبا لە نەخۆشخانەیەکی شاری قوومدا دەمێنێتەوە و هەر لەوێش چارەسەریی پزیشکی وەردەگرێت.