ئامادەکردنی/ ڕێژنە سەردار
سی ئێن ئێن لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، سی ئای ئەی کار بۆ پڕچەککردنی هێزە کوردییەکان دەکات، ئەوەش بە ئامانجی وروژاندنی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و سەرکردە کوردەکان لە عێراق گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە دابینکردنی پشتیوانی سەربازی بۆیان.
حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەم دوایانە هاوپەیمانییەکی هاوبەشیان ڕاگەیاند، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێرانەوە بەیاننامەیان بڵاوکردوەتەوە و داوایان کردووە ڕژێمی ئێران بگۆڕدرێت.
لەبەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی کردووەتە سەر گروپە کوردییەکان و ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، کە بە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێزە کوردییەکانیانی کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، ڕۆژی سێشەممه دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ مستەفا هیجری سەرۆکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کردووه.
مسترفا هیجری بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، بڕیارە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران، بەشداری ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ڕۆژئاوای ئێران بکەن، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن باس لەوە دەکات بەرپرسێکی باڵای حزبە کوردییەکانی ئێران پێی گوتوون، "ئێمە پێمانوایە ئێستا دەرفەتێکی گەورەیە، چاوەڕوانی پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەین."
ئەمە لە کاتێکدایە، ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەووە، دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی یەکشەممە پەیوەندی بە سەرکردە کوردەکانی عێراقەوە کردوە و تاوتوێی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا لە ئێران و چۆنیەتی کارکردنی ئەمریکا و کورد لەگەڵ پێشکەوتنی ئەرکەکەدا پێکەوە کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەر هەوڵێک بۆ پڕچەککردنی گروپە کوردەکانی ئێران پێویستی بە پشتیوانی کوردەکانی عێراق دەبێت بۆ ئەوەی هاوکاریان بکەن لە بابەتی گواستنەوەی چەک لە کوردستانی عێراق و بیکەنە مەیدانێک بۆ هەڵدانی موشەک.
کەسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە سی ئێن ئێنی گوتووە، پلانەکە ئەوەیە کە هێزە چەکدارەکانی کورد ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانی ئێران ببنەوە و ئیسرائیل و ئەمریکاش هاوکاریان بکەن بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی بێ چەک لە شارە گەورەکاندا بە ئاسانی بڕۆنە دەرەوە بەبێ ئەوەی کۆمەڵکوژی ڕووبدات.
ئەلێکس پلیتساس، شرۆڤەکاری ئاسایشی نەتەوەیی کەناڵی سی ئێن ئێن و بەرپرسی باڵای پێشووی پنتاگۆن لە سەردەمی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دەڵێت: ئەمریکا "بە ڕوونی هەوڵی ڕاپەڕینی گەلی ئێران دەدات، پڕچەککردنی کوردەکان، کە هاوپەیمانێکی مێژوویی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، نیشانەی پرۆسەی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێرانە.
پلیتساس بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، “گەلی ئێران بە گشتی بێ چەکن، تا هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەناونەبرێن، ئەستەمە ڕاپەڕین ڕووبدات”.
جێن گاڤیتۆ، بەرپرسی باڵای پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا، ڕایگەیاند، نیگەرانە لەوەی ئایا کاریگەرییەکانی چەکدارکردنی کورد بە تەواوی لەبەرچاو گیراوە یان نا.
گاڤیتۆ بە سی ئێن ئێنی گوتووە: ئێمە لە ئێستاوە ڕووبەڕووی دۆخێکی ئەمنی ناجێگیر بووینەتەوە، لە هەردوو دیوی سنوورەکە، ئەمە توانای ئەوەی هەیە سەروەری عێراق تێکبدات و "میلیشیا چەکدارەکان" بەهێز بکات بەبێ لێپرسینەوە و تێگەیشتن لەوەی کە ئایا ئەم هێزانە لە داهاتوودا چی دەکەن؟
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازی و پۆلیسەکانی ئێران بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق، بەشێکی بۆ دانانی زەمینەسازی بۆ ئەگەری ڕۆیشتنی هێزی چەکداری کوردی بووە بۆ دیوی ئێران.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە کوردەکانی ئێران لە ئێستادا نیەت و توانای ڕاپەڕینیان دژی رژێمی ئێران، پارتە کوردیەکانی ئێران پێش ئەوەی پابەندبن بە بەشداریکردن لە هەر هەوڵێکی بەرخۆدان، بە دوای دڵنیایی سیاسی لە ئیدارەی ترەمپدا دەگەڕێن.
بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ گوتویەتی، “ڕەنگە ئەوەندە سادە نەبێت کە ئەمریکییەکان هێزێکی بە وەکالەت ڕازی بکەن، کە بە ناوی ئەوەوە شەڕ بکەن، تۆ کۆمەڵێک کەست هەیە کە بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە، پرسیارەکەش ئەوەیە ئایا بەشداریکردنیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیانی ئەمریکا هاوتەریبە؟"
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زۆرێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ هۆشدارییان داوە لەو بێهیواییەی هێزە کوردییەکان لە کاتی کارکردن لەگەڵ ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوودا هەستیان پێکردووە، هەروەها گلەیی زۆریان لە جێهشتنیان لەلایەن ئەمریکاوە هەیە لە کاتی پێویستدا.
ئەلێکس پلیتساس، شرۆڤەکاری ئاسایشی نەتەوەیی کەناڵی سی ئێن ئێن و بەرپرسی باڵای پێشووی پنتاگۆن لە سەردەمی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئامژەی بەوە کردووە: نیگەرانی ئەوە هەیە ئەگەر ڕاپەڕینێک بکرێت و سەرنەکەوێت و ئەمریکا بکشێتەوە و واز لە کورد بهێنێت.