ڕاستەوخۆ

ساڵێك دوای په‌یامی ئۆجالان له‌ 27ی شوباتی 2025 چی روویدا؟

reset font size increase font size

ساڵێک بەسەر بانگەوازە مێژووییەکەی ئۆجالان بۆ ئاشتی،"ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، كه‌ لە 27ی شوباتی 2025 بڵاویكرده‌وه‌، تێپەڕ بوو. له‌ ساڵیادی ئه‌و په‌یامه‌یدا ئه‌مڕۆش 27ی شوباتی 2026 په‌یامێكی نوێی ئۆجالان بڵاوكرایه‌وه‌.

هەنگاوەکانی دوای راگەیاندنی ئەم بانگەوازە مێژوییە لەماوەی یەک ساڵی رابردوو، لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"دا، هەنگاو و گۆڕانکاریی گرنگ و لەهەمانکاتدا هەستیاربوون کە زمینەخۆشکەری سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتییه‌ لە تورکیا و باکووری کوردستانە.

پرۆسه‌كه‌ به‌ لێدوانی باخچه‌لی ده‌ستیپێكرد و ئۆجالان گه‌شه‌ی پێبه‌خشی

پرۆسەکە، بە لێدوانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد کە وتی، پێویستە ئۆجالان لە پەرلەماندا وتار پێشکەش بکات .سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، دەستپێشخەریی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریه‌تیی پرۆسەکە، لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجالان، گۆڕانکاریی گرنگ و قۆناغی هەستیاری بەدوای خۆیدا هێنا.

مانیفێستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک: لە 27ی شوباتی 2025، شاندی دەم پارتی سێیەم دیداریان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجامدا. دوای ئەم دیدارە بەیاننامەی 27ی شوباتی راگەیاندرا، ئۆجالان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دیموکراتیک کردنی کۆماری تورکیای خستەڕوو، کە ئاراستەی قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکەی دیارکرد.

په‌كه‌كه‌ به‌ده‌م داواكاری ئۆجالانه‌وه‌ چوون

هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پەکەکە لە وەڵامی داواکارییەکەی ئۆجالان، پابەندبوون بە بانگەوازەکە و ئاگربەستی راگەیاند. دواتر و  12ی ئاداردا، پەکەکە 12ـیەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامداوە و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی رێکخراوەیی خۆیدا.

پێکهاتنی کۆمیسیۆنی پەرلەمان

لەسەر داواکاریی باخچەلی، لە پەرلەمانی تورکیا، کۆمیسیۆنی "کۆمیسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهات، کۆمیسیۆنەکە لە ماوەی ئەرکەکانی خۆیدا، 21 کۆبوونەوەی ئەنجامدا و لەگەڵ 134 دامەزراوە و کەسایەتی راوێژی کرد، دوای ته‌واوكردنی كاره‌كانیان، راپۆرتی كۆمسیۆنه‌كه‌ بۆ رایگشتی بڵاوكرایه‌وه‌.

پەیامی ڤیدیۆیی ئۆجالان: دوای 26 ساڵ، لە 9ی تەمموزدا، پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆجالان بڵاوکرایەوە. ئۆجالان، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی بە گرنگ ناوبرد و وتی، ئەمە گۆڕانکارییەکی مێژووییە. جەختیشی کردەوە، دەبێت چەکەکان بە ویستی خۆیان دابنرێن و پەرە بە سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی بدرێت.

سووتاندنی چەکەکان له‌ جاسه‌نه‌ بۆ ئاشتی

لە 11ی تەمموز، لە ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی، رێوڕەسمێکی مێژوویی لەلایەن بەشێک لە گەریلاکانی پەکەکە، بە سەرپەرشتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە بەڕیوەچوو. بەسێ هۆزات رایگەیاند: بۆ ئەوەی خەباتی خۆمان بە رێگەی سیاسی و یاسایی بەردەوام بکەین، چەکەکانمان بە ئیرادەی خۆمان لەناو دەبەین. پاشان گەریلاکان چەکەکانیان سووتاند.

کشانەوەی گەریلاکان لە تورکیا، لە کۆتایی تشرینی یەکەمدا، پەکەکە لە هەنگاوێکی دیکەدا رایگەیاند، تەواوی هێزە گەریلاکانی لە ناوخۆی تورکیا دەکێشێتەوە. ئەم بڕیارە لە قەندیل، بەبەشداریی بەشێک لەو گەریلایانەی کە لە باکووری کوردستانەوە کشابوونەوە، لە لایەن سەبری ئۆک و ڤەژین دەرسیم راگەیاندرا.

سەردانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ ئیمرالی

 لە 24ی تشرینی دووەم، شاندێکی کۆمیسیۆن، لەسەر بڕیاری پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئیمرالییان کرد و لەگەڵ ئۆجالان دیداریان ئەنجامدا. شاندەکە پێکهاتوو لە، گوڵستان کلیچ سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، فەتحی یەڵدز جێگری سەرۆکی مەهەپە و حوسەین یایمان پەرلەمانتاری ئاکەپە.

دوای ساڵێک لە دەستپێکردنی پرۆسەکە، داوای رێکخستنی پێگەی سیاسی و یاسایی، کۆتاییهێنان بە سیستمی قەیوم، ئازادکردنی گیراوانی سیاسی دەکرێت. لە دوایین سەردان بۆ ئیمرالی لە 16ی ئەم مانگە، ئۆجالان رایگەیاند، قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە کۆتایی هاتووە و لە ئێستا خەریکی داڕشتنی قۆناغی دووەمی پرۆسەکەیە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.