وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە بە هیچ شێوەیەک قەیرانی غازی ماڵان دروست نابێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، کۆمپانیای دانە گاز بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر وەستاند، کە بەهۆیەوە هەناردەی غاز بۆ وێستگەکان بڕا و ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەمبووەوە.
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، تیمێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەت ڕاسپێردراون. هاوكات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی ماڵان، وەزیری سامانە سرووشتییەکان ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی عێراقی وەرگرتووە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ چەندین تانکەری غاز لە عێراقەوە ڕەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێن.