زیاتر لە 10 ساڵە کێشەی مووچە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و چارەسەر نەکراوە، بەو هۆیەوە ساڵانە چەندین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادرێت و دەخورێت.
پێشتر، حکومەتی عێراق هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار دەکرد بەوەی داهاتی نەوت و داهاتی نانەوتی ڕەوانە ناکات بۆیە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، بەڵام لە ئێستادا هەرێمی کوردستان تا ئاستێک پابەندە بە داواکارییەکانی بەغداد و نەوت له ڕێگهی كۆمپانیای سۆمۆوه ههناردهی بهندهرهكانی جهیهانی توركیا دهكات و داهاتی نانەوتیش ڕەوانە دەکات، بەڵام مووچە هەر دوادەکەوێت.
دوای 40 ڕۆژ لە ساڵی نوێ تائێستا، مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە، لە کاتێکدا لە عێراق مووچەی مانگی دووی خانەنشینان دابەشکراوە.
بەهۆی ململانێکانی بەغداد و هەرێمی کوردستانەوە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سەخت و قەیراناوییدا تێدەپەڕن، کە ئەمەش چەندین لێکەوتەی کۆمەڵایەتیی و ئابووری هەیە.
موچەخۆران لە 132 مانگی ڕابردوودا 68 مووچەی تەواو و 44 یشیان بە چارەک و لێبڕینەوە وەرگرتووە و 20 مووچەشیان هەر پێ نەدراوە.
بۆ چارەسەری مووچە چەندینجار، لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ کۆبوونەتەوە و گەیشتوون بە ڕێککەوتن بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دواتر هەریەکەیان بە بیانوویەک پابەندی ڕێککەوتنەکە نابن و یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی ڕێککەوتنەکە دەشکێنن.
لە هەڵبژاردنەکاندا، کێشەی مووچە خاڵی هاوبەشی کارنامەی هەموو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، هەموویان لە پارتە حکومڕانەکانەوە تاوەکو ئۆپۆزیسیۆنەکان رێگەچارەی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی مووچە پێشنیاز کردووە و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە مووچەیان داوە، بێئەوەی دواتر هەنگاوی کردەی بۆ بنێن.