رۆژنامەی "جمهوریی ئیسلامی"ـی ئێران لە راپۆرتێکدا، پرسی تێکەڵکردنی سوپای پاسدارانی ئێران بە هێزەکانی ئەرتەش خستووەتە بەرباس و دەڵێ، کاتی تێکەڵکردنی سوپای پاسداران و ئەرتەش هاتووە.
لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی "جمهوریی ئیسلامی"ـی ئێران، کە سەر بە خامنەییە، باس لەوە کراوە: پرسی تێکەڵکردنی سوپای پاسداران و هێزەکانی ئەرتەش، بابەتێکی کۆنە کە چەندین ساڵ لەنێوان لایەنە شاراوەکانی سیاسەتیی بەرگریی حکومەت بە داخراوی ماوەتەوە، بەڵام ئێستا لەژێر گوشاری قەیرانە داراییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەروەها تێچووی زۆری نێودەوڵەتی، بووەتە پرسێکی گرنگ.
راپۆرتەکە هاوکاتە لەگەڵ، بڕیاری یەکێتی ئەوروپا لە بەتیرۆریست ناساندنی سوپاری پاسدارانی ئێران. رۆژنامەکە بەم پرسیارە، کە ئایا پێکهاتەی ئێستای هێزە چەکدارەکان، لەگەڵ پێویستییەکانی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە درێژماوەکانی حکومەت تەبایی هەیە یان نا؟ داوای داڕشتنەوەی پێکهاتەی بەرگریی ئیران دەکات.
رۆژنامەکە، پرسی تێکەڵکردنی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەش لە ئێرانی، وەک پرسێکی ستراتێژیک خستوەتە بەرباس و پێیوایە، حزووری بەرفراوانی ئەمریکا لە ناوچەکە و زیادبوونی هەڕەشەی ئەمنی و گوشارە ئابوورییەکان، پیویستیی داڕشتنەوەی پێکهاتەی بەرگریی ئێران، دەکاتە پرسێکی سەرەکی.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، عەلی ئەکبەری رەفسەنجانی، لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، پرسی تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکان و کێشەی هەبوونی دوو سوپای جیاوازی، خستبووە بەرباس. راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، ئەوکات خومەینی دژی تێکەڵکردن نەبووە، تەنیا کاتەکەی پێ گونجاو نەبوو.
رۆژنامەکە دەستێوەردانی سوپای پاسداران لە بوارە جیاوازەکانی، ئابووری و سیاسەت و میدیا و تەنانەت دیپلۆماسی وەک گرفت ناودەبات و پێیوایە ئەم دەستێوەردانە، نەتەنیا ئێرانی بەهێز نەکرد، بەڵکوو بووە هۆی کێشەکانی ناوخۆیی و گوشار و گەمارۆی نێودەوڵەتییەکان دژ بە ئێران.