ڕاستەوخۆ

راپرسییه‌ك: زۆرینه‌ی ئه‌مریكییه‌كان له‌ تره‌مپ ناڕازین

reset font size increase font size

بەپێی ڕاپرسییەکی کەناڵی سی ئێن ئێن ڕەزامەندیی گەلی ئەمریکا لەسەر دۆناڵد ترەمپ لەنزمترین ئاستدایە و زۆرینه‌یان له‌ ئه‌دای كاركردنی ناڕازین، ئەمەش لە کاتێکدایە سبەینێ لەبەردەم کۆنگرێسدا وتاری یەکگرتن پێشکەش دەکات. 

ئەمڕۆ دوو شەممە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە ماڵپەڕی تایبەت بەخۆی ئەنجامی ڕاپرسییەکی بڵاوکردەوە بۆ دەرخستنی ئاستی ڕەزامەندیی ئەمریکییەکان لەسەر سەرۆکەکەیان، دەرئەنجامی ڕاپرسییەکەش دەریخست، تەنیا %36ی گەلی ئەمریکا لە شێوازی بەڕێوەبردنی ترەمپ بۆ کارەکەی رازین.

ڕاپرسییەکە چوار پرسیاری لەخۆ گرتبوو، پرسیاری یەکەم بریتی بوو لەوه‌ی: "ئایا ڕەزامەندیت یان رەزامەند نیت بەو شێوازەی دۆناڵد ترەمپ کارەکەی وەک سەرۆک جێبەجێ دەکات؟"

لە وەڵامدا %63ی بەشداربووان وتویانە ڕەزامەندنین و تەنیا %31 لێی ڕازیبوون. لە وەڵامی ئەوەشدا کە ئایا بە توندی نا رازیت یان ئاسایی، %48 وتویانە بە توندی و %15 وتویانە ئاسایی. ئەوەی مایەی سەرنجە، لە شوباتی 2025و پێش وتاری یەکگرتن، بەهەمانشێوە سی ئێن ئێن ڕاپرسیی لەسەر ئەدای ترەمپ کرد، ئەوکات %48ی بەشداربووان لێی ڕازیبوون.

پرسیاری دووەم بریتی بوو لەوه‌ی: (پێتوایە ئەو سیاسەتانەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشنیار دەکرێت، وڵاتەکە بە (ئاراستەی ڕاست) یان (ئاراستەی هەڵە)دا دەبات؟"

وەڵامی بەشداربووان %61 وتویانە وڵات بە ئاراستەی هەڵەدا دەبات و %38 وتویانە بە ئاراستە ڕاستدا.

پرسیاری سێیەم دەربارەی لەپێشینەیی کارەکان بووە لەلای سەرۆکی ئەمریکا، کە ئایا ترەمپ ئەولەویاتەکانی بەڕاستی داناوە؟ یان سەرنجی پێویستی نەخستوويتە سەر کێشە هەرە گرنگەکانی وڵاتەکە؟

لە وەڵامدا %68ی بەشداربووان وتویانە کە سەرنجی تەواوی نەخستووەتە سەر کێشە هەرە گرنگەکان و %32 وایان داناوە کە ئەولەویاتەکانی بەڕاستی ڕێکخستووە.

پرسیاری چوارەم بریتی بوو لە: "ئەو تاکە بابەتە چییە کە دەتەوێت سەرۆک ترەمپ لە وتاری یەکگرتنەکەیدا باسی بکات؟".

لەنێوان هەشت بژاردەدا، ئابوریی و تێچووی ژیان، زۆرترین داواکراو بوو کە %57ی بەشداربووان داوایان کردبوو.

بەپێی خاڵی یەک لە بڕگەی سێی مادەی دووەمی دەستوری ئەمریکا ساڵانە لە مانگەکانی سەرەتای ساڵدا دەبێت سەرۆکی وڵات وتارێک پێشکەش بە کۆنگرێس بکات و تیایدا باسی دۆخی وڵات بکات لەڕوی بودجە و ئابوری و ئەجێنداکانی حکومەت و بەرەوپێشچوونەکان و ئەو بڕیار و یاسایانەی بەنیازە لەداهاتودا دەریانبکات و پێشنیازیان بکات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.