هاتیمۆغوڵاری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئانکا)، تیشکی خستووەتە سەر چەندین پرسی گرنگی ناوخۆی تورکیا، لە پرۆسەی ئاشتییەوە تاوەکو دەگاتە پرسی قەیوم و کەیسی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو.
ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی لەسەر چارەسەری پرسی کورد پێشکەش کرد، ئێستا کاتی ئەوەیە پەرلەمان دەست بە پرۆسەی دەرکردنی یاسا بکات، بەتایبەت ئەو چوارچێوە یاساییەی کە پەیوەندی بە چەکدانانی پەکەکەوە هەیە.
تولای گوتووشیەتی، هێشتا پێگەی ئۆجالان وەک سەرەکیترین ئەکتەر و سەرەکیترین دانوستانکار لە ڕووی یاساییەوە پێناسە نەکراوە.
ڕاشیگەیاندووە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە، بەتایبەت گەلی کورد و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بڕوا بە پرۆسەی ئاشتی بکەن، پێویستە حکومەت چەند هەنگاوێکی خێرا بنێت کە تەنانەت پێویستیان بە دەرکردنی یاساش نییە، لەوانە لادانی قەیومەکان و گەڕاندنەوەی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان بۆ سەر کارەکانیان، دادگاییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و سەرۆک شارەوانییەکانی دیکە لە دەرەوەی زیندان، ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، عوسمان کاڤالا، جان ئاتالای و سەرجەم زیندانیانی دۆسیەی گەزی.
ئەوەشی گوتووە، کاتێک سەیری پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەین، تێدەگەین کە لە قۆناغێکداین پێویستە قاچ بخەینە سەر بەنزین بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، نەک قاچمان بخەینە سەر ئیستۆپ. هیوادارین ئەو دیالۆگەی ساڵ و نیوێکە بەردەوامە ئەنجامێکی هاوبەشی هەبێت.