ڕاستەوخۆ

سلێمانی؛ مێژوویەک‌ له‌ خه‌بات و پشتیوانێک بۆ هەموو کوردستان

reset font size increase font size

‌ ئامادەکردنی/ جیهاد جەلال

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، چیرۆكی شه‌هیدبوونی غه‌زاڵ مه‌ولان پێشمه‌رگه‌ی حزبی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان كه‌ لە ئەنجامی هێرشی درۆنی ئێران‌ بۆ سەر كه‌مپی سورداش لەگەڵ دوو پێشمەرگەی دیکە بریندار و دواتر شەهید بوو، چه‌ندین كاردانه‌وه‌ی به‌ دوای خۆیدا هێنا.

دوای شەهیدبوونی غەزاڵ، دەنگۆیەکی زۆری لەبارەی پرسی چارەسەرنەکردنی لە نەخۆشخانە و ڕێگری لە شۆردنی تەرمەکەی لە مزگەوت لێکەوتەوە، بەشێک لەم کاردانەوانە هێرشکردن بوو بۆ سەر سلێمانی و خەڵکەکەی کە لە لایەن چەند میدیایەکەوە. بەڵام دواتر ئەو نەخۆشخانانەی ناویان هاتبوو ڕوونکردنەوەیان دا و دەرکەوت مزگەوتیش بۆ شۆردنی تەرمەکە ئامادە کراوە.

نەوید مێهرئاوەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سەر ئەم دەنگۆیانە ڕایگەیاند، "هاوڕێیانی ئێمە کە لەگەڵ تەرمەکە بوون، لەو هەوڵ و دڵسۆزییە ئاگادار نەبوون کە لە مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران لە سلێمانی، بۆ شۆردنی تەرمەکە ئامادەکرابوو".

ئاماژەی بەوەش کرد ، خەڵکێکی زۆر بە پەرۆشەوە بەشدارییان لە ئەسپەردەکردنەکەدا کردووە و ئەو هەوڵانە پوچەڵکرانەوە کە دەیانویست مەودا لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان دروست بکەن.

سلێمانی کە 241  ساڵه‌ دامه‌زراوه‌، زۆرینه‌ی ته‌مه‌نی خه‌بات بووه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی كورد له‌ باشور، هاوكات پشتیوانی به‌رده‌وامی بەشەکانی دیكه‌ی وڵاتیش بووه‌.

بە درێژایی مێژووەکەی سلێمانی بەردەوام لە ململانێی سیاسیدا بووە لەگەڵ نەیارانی کورد. یەکەم حکومەتی کوردی لەم شارە لە ساڵی 1922 لەسەر دەستی مەلیک مەحمود دروستکرا، بەردەوامیش لانکەیەکی گونجاو بووە بۆ شۆڕشگێڕانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەتی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خەباتی سیاسی و چەکداریی لە پێناو مافەکانی گەلی کورد دەکەن، بە هۆی ڕێگەپێنەدانی حکومەت بۆ خەباتی سیاسیی لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆربه‌یان لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و به‌تایبه‌ت له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی بوون و بەتایبەتی له‌ دوای ساڵی 1981ـەوە‌ زۆرترین تەمەنی خۆیان له‌ سنووره‌كانی سلێمانی تێپەڕ کردووە.

ئەم پشتیوانییەی سلێمانی تەنها بۆ ڕۆژهەڵات نییە؛ لە سەرەتای ئەمساڵیشدا لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان، سلێمانی فراوانترین ناڕەزایەتی و ڕێپێوانی بەخۆیەوە بینی و ئەم شارە رۆڵی پێشەنگایەتی پشتیوانییەکانی بینی. عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری باکوری کوردستان لە بارەی ڕۆڵی ئەم شارەوە دەڵێت، سلێمانی هەناسەیە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان.

هه‌روه‌ها ساڵی 1993 كاتێك ته‌رمی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و ئیدریس بارزانی‌ كوڕی‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتەوە گه‌ڕێنرانه‌وه‌ باشوری كوردستان، پێش به‌ڕێكردنیان بۆ بارزان، له‌ شاری سلێمانی پێشوازییه‌كی گه‌وره‌یان لێكرا.

ساڵی ڕابردوش له‌ یادی دامه‌زراندنی سلێمانیدا، مه‌سعود بارزانی ڕایگه‌یاند، لە سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمدا شاری سلێمانی بە هەموو چینوتوێژەكانیەوە باوەشی گەرمی بۆ بارزانیی نەمر و بارزانییە دوورخراوەكان كردەوە، ئەو ڕێز و پێشوازییە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.