ڕاستەوخۆ

دەم پارتی: سیاسەتی سزا نەدان و دەوڵەت لە پشت کوشتنی ژنانەوەن 

reset font size increase font size

خالیدە تورکئۆغڵو، گوتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، لە پشت تاوانەکانی کوشتنی ژنانەوە، توندوتیژیی دەوڵەت و سیاسەتی سزا نەدان هەیە، پەردەپۆشکردنی ئەم تاوانانەشی بە شەڕێکی تایبەت ناوبرد.

خالیدە تورکئۆغڵو، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە پەرلەمانی تورکیا، تیشکی خستە سەر کەیسی گوڵستان دۆکو، کە ماوەی شەش ساڵە بێسەروشوێنە، ئاماژەی بەوەکرد، دەستگیرکردنی 13 کەس لەسەر ئەو دۆسیەیە، دەرەنجامی پێداگریی و تێکۆشانی بێوچانی ژنان و خێزانەکەیەتی.

ڕەخنەی توندی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت گرت و گوتی، لەم کەیسەدا تێوەگلانی پارێزگار، پۆلیس و دامەزراوە ئەمنییەکان دەبینرێت. ئەوەی ڕوودەدات نیشانی دەدات چۆن دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ شاردنەوەی تاوانێک هاوکاریی یەکتر دەکەن، ئەمە نیشانەی داڕمانی سیستەمی دادوەری و دامەزراوەکانی وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری نەدۆزینەوەی تاوانباران دەگەڕێتەوە بۆ پاراستنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، زۆربەی ئەو تاوانانە لە سەرەتادا وەک خۆکوشتن پیشان دەدرێن بۆ ئەوەی دابپۆشرێن، چونکە بکوژەکان یان بەرپرسی دەوڵەتن یان لەلایەن کەسانی نزیک لە دەسەڵاتەوە پشتیوانی دەکرێن.

گوتەبێژەکەی دەم پارتی بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخەی خستە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسی و داوای کرد، بە زووترین کات یاساکانی پاراستنی ژنان بە شێوەیەکی کارا جێبەجێ بکرێن و تورکیا بگەڕێتەوە بۆ کارکردن بە ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.