دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سووری ئامەد، ئەنجامنامەی کۆنفرانسی (کوردانی باکور یەکێتیی نەتەوەیی تاوتوێ دەکەن)ـى ڕاگەیاند و جەختی لە سەر پێویستیی بەلاوەنانی بەرژەوەندییە حزبییەکان کردەوە.
لە ئەنجامنامەکەی یەکێتییەکەدا هاتووە، لە ئەم قۆناغەدا کە نەخشەی ناوچەکە سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، تەنیا یەکێتیی نەتەوەیی دەتوانێت مافەکانی کورد و دەستکەوتەکان لە بەرامبەر مەترسییەکان بپارێزێت.
لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بە هەوڵە مێژووییەکانی مام جەلال، عەبدوڵا ئۆجالان و مەسعود بارزانی کراوە بۆ یەکخستنی ناو ماڵی کورد.
یەکێتییەکە داوای کردووە، پرۆسەی ئاشتی بە یاسایی بکرێت، ناسنامەی گەلی کورد لە دەستووردا بچەسپێنرێت، زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن و مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەربکرێت.
یەکێتییەکە پشتیوانیی خۆی بۆ دروست بوونی بەرەی هاوبەشی شەش پارتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێ دا بنێت.