لە ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگریی ورد و مەیدانیدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە، توانی لە ماوەی ٩٦ کاتژمێردا (لە ٨ تا ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦) گرووپێکی چەکداری داعشی سەر بە «ویلایەتی کوردستان» (کەتیبەی ٥) هەڵوەشێنێتەوە و ٢٢ تۆمەتبار دەستگیر بکات.
ئۆپراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی پێشوەختە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، خورماڵ و سیروان ئەنجام درا.
پیلان و مەترسییەکانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە:
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، شانە نووستووەکەی داعش پیلانی بۆ ئەم مەبەستانە دانابوو:
خۆڕێکخستن و وەرگرتنی "بەلعەت" لە ئەندامانی گرووپەکە.
دانانی بۆمب و ئەنجامدانی تەقینەوە لەناو پارێزگای هەڵەبجە.
چاودێریکردن و تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی مەشق و ڕاهێناندا.
هەوڵدان بۆ دروستکردنی "ئەمارەتێک" لە ناوچەکانی هەورامان یان شارەزوور.
بەستنەوەی پەیوەندیی شانە نووستووەکانی کوردستان و عێراق بە تیرۆریستانی دەرەوە.
کۆکردنەوەی پارە بە مەبەستی کڕینی چەک و پێداویستیی سەربازی.
دەستگیرکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی:
لە ڕەوتی ئەم ئۆپراسیۆنە خێرا و سەرکەوتووەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک، تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیدا گرت، لەوانە:
١ چەکی ئاربیجی (بە ٣ گوللە و ٥ حەشوەوە) و ١ گوللە هاوەن.
٦ بۆمبی دەستی (ڕومانە).
٦ چەکی کڵاشینکۆف (لەگەڵ ١٣ مەخزەن و ٣٠٠ فیشەک).
٢ دەمانچە و ١٠٠ فیشەک.
کامێرای چاودێری، دوربینی سەربازی، و جلوبەرگی سەربازی.
تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان بە ماددەی (٢)ی تیرۆر ڕگیراون و لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵیاندا بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم مۆرک و هاوکارانی تریان.