تەرمی ئەو گەنجە تەمەن 18 ساڵەی کە 47 رۆژ لەمەوبەر لە رووباری خابوور بێسەروشوێن ببوو، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ، تەرمی سەردار موشیر، کە گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی خەڵکی زاخۆیە، دوای زیاتر لە مانگ و نیوێک لە خنکانی، لەناو رووباری خابووردا هێنرایە دەرەوە.
جەمال حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، تەرمی سەردار موشیر دوای 47 رۆژ لە ونبوونی لەناو رووبارەکەدا دۆزرایەوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی، رووداوەکانی خنکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روویان لە زیادبوون کردووە؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 8 کەس لە سنوورەکە خنکاون، هاوکات تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە 9 کەسی دیکە لە خنکان رزگار بکەن.