ڕاستەوخۆ

ده‌قی په‌یامی نوێی ئۆجالان

reset font size increase font size

شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی بانگەوازی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پەیامێکی نوێی ئۆجالانیان بڵاوکردەوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بانگەوازەکەی ئێمە لە 27ی شوباتی 2025 ، راگەیاندنی ئەو راستییەیە کە، لەو شوێنەی سیاسەتی دیموکراتیک بوونی هەبێت، چەک بێ واتا دەبێت. ئەمە، راگەیاندنی ئاشکرایە بۆ هەڵبژاردنی رێگەی سیاسەت و پیداگریی لە پڕەنسیپەکانمانە. ئێمە توانیمان بە ئیرادە و هەنگاوی تاکلایەنە، قۆناغی راپەڕینی نەرێنی، تێپەڕ بکەین. تێپەڕکردنی ئەو قۆناغە، توانای گفتوگۆ و هێزی ئێمەی، لە گواستنەوەی سیاسەتی توندوتیژی و دابەشبوون، بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و ئەنتەگراسیۆن، سەلماندووە. بانگەواز، کۆنفرانس و کۆنگرەکانمان لەم پێناوەدا بوون. بڕیارەکانی رێکخستن، بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری، نەتەنیا بە شێوەی فەرمی و بە کردەوە، بەڵکو لە رووی هزریشەوە نیشانەی پاکبوونەوە بوو لە توندوتیژی و خستنەڕووی بژاردەی سیاسەت. ئەمە لە هەمان کاتدا، راگەیاندنی ئاشتبوونەوەی هزریی بوو لەگەڵ "کۆمار".

لە ماوەی یەکساڵی رابردوو، ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، بەشداریی بەڕێز ئۆزێل و هەوڵی تەواوی ئەو کەسایەتی و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییانەی کە بەشدار بوون لە پڕۆسەکەدا، بە ئەرێنی دەنرخێنم. بەتایبەت، هاوڕێمان سڕی سورەییا، جارێکیتر بە رێز و حەسرەتێکی زۆرەوە بەبیر دەهێنمەوە.

بە بێ کورد تورک نابێت، بێ تورکیش کورد نابێت. ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە، خاوەنی تایبەتمەندییەکی مێژووییە. دەقە بنەڕەتییەکانی سەردەمی دامەزراندنی کۆمار، گوزارشتی لە یەکێتیی تورک و کورد دەکرد. بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئێمە، هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو رۆحی یەکێتییە و هەروەها، داواکارییەکە بۆ کۆماری دیموکراتیک. ئێمە ئامانجمان تێکشکاندنی ئەو میکانیزمەیە، کە لە خوێن و ململانێ خۆی دەژیێنێت. جوڵانەوە بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییە تەسک و کورت مەوداکان لەجیاتی، روانینی مێژووییانەی رەوتەکان، جیدییەت و مەترسییەکانی بەردەم پرسەکە، دەتوانێت هەموومان لاواز بکا. هەوڵدان بۆ بەردەوامکردنی ئینکار و راپەڕین، هەوڵدانە بۆ ئەوەی، گەورەترین بێسەروبەرییەکان ببنە یاسا. ئێمە ئەو ئاستەنگانە وەلادەنێین، کە لە دوو سەدەی رابردوودا، هەوڵیدا برایەتی پێچەوانە بکاتەوە. ئەوەی بۆ پێکهێنانی برایەتی پێویست بکات، ئێمە جێبەجێی دەکەین. دەمانەوێت باس لەوە بکەین کە چۆن لەدەوری یەک کۆببینەوە و چۆن پێکەوە بژین.

پێویستە لە ئێستادا، لە قۆناغی نەرێنییەوە بەرەو قۆناغی بونیادنانی پۆزەتیڤ، هەنگاو هەڵبگرین. دەرگا بەڕووی سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەتدا دەکرێتەوە. ئامانجمان کۆتایی هێنان بە سەردەمی، سیاسەتی پشتبەستوو بە توندوتیژی و کردنەوەی پڕۆسەیەکی پشتبەستوو بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بنەمای یاسایە، داوا لە هەموو لایەک دەکەم، بۆ ئەم مەبەستە دەرفەت بڕەخسێنن و بەرپرسیارەتی هەڵبگرن.

کۆمەڵگەی دیموکراتیک، تەبایی دیموکراتیک و ئەنتەگراسیۆن، بەردی بناغەی هزریی لە سەردەمی ئەرێنیی جیهانن. سەردەمی ئەرێنی، رێکارەکانی خەباتی پشتبەستوو بە توندوتیژی رەتدەکاتەوە. لە بونیادنانی پۆزەتیڤدا، ئامانج دەستبەسەرداگرتنی هیچ دامەزراوە و پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە، هەر تاکێکی کۆمەڵگە بگاتە ئەو بەرپرسیارەتییەی کە بتوانێت رۆڵی خۆی لە بونیادنانی کۆمەڵایەتیدا بگێڕێت. ئامانج ئەوەیە، بونیادنانەکە لەگەڵ کۆمەڵگە و لەنێو کۆمەڵگەدا پێک بێت. توێژە چەوساوەکان، نەتەوەکان، گروپە ئایینی و کولتوورییەکان بتوانن لە رێگەی تێکۆشانی دیموکراتیک و بەردەوام و رێکخراو، خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی خۆیان بکەن. لەم پڕۆسەیەدا، گرنگە دەوڵەت بەرامبەر بە گۆڕانکارییە دیموکراتیکەکان هەستیار بێت.

ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک، لانیکەم هێندەی سەرەتای کۆمار گرنگە. بانگەوازێکە کە هێندەی ئەو، خاوەنی واتا، داهاتوو، هێز و دەوڵەمەندییە. لە بنەڕەتەکەیدا، مۆدێلی کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەیە. ئەمە جێگرەوەی رێکارەکانی دابەشکاری و پێچەوانەوەی رێگاکانی ئاسیمیلاسیۆنە. جێبەجێکردنی ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک، پێویستیی بە یاساکانی ئاشتی هەیە. رێکاری چارەسەریی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش، پێویستیی بە پێکهێنانی پێگەی یاسایی لە رەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەکان هەیە.

هۆکاری زۆربەی کێشە و قەیرانەکانی ئەمڕۆ، نەبوونی یاسای دیموکراتیکە. ئێمە چارەسەرێکی یاسایی، لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیکدا بە بنەما دەگرین. پێویستمان بە روانینێکە، بوار بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەردەمی دیموکراسیی بکاتەوە و گەرەنتی یاسایی بەهێزی بۆ دروست بکات.

هاووڵاتییبوون، نابێت لەسەر بنەمای وابەستەیی نەتەوەیی بێ، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتەوە بێت. ئێمە هاووڵاتییبوونی ئازاد بە بنەما دەگرین کە بنەماکانی، ئازادیی لە ئایین، نەتەوە و بیرکردنەوەدا بێت. وەک چۆن ناکرێت ئایین و زمان بسەپێندرێت، نەتەوەش نابێت بسەپێندرێت. هاووڵاتیبوونی یاسایی، کە سنورە دیموکراتیکەکان و یەکپارچەیی دەوڵەت بە بنەما دەگرێت، مافی رێکخستنبوونی ئازاد لە بوارەکانی ئایین، ئایدۆلۆژیا، ناسنامە و بوونی نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت.

لە سەردەمی ئێستادا، هیچ سیستمێکی هزری ناتوانێت بەبێ پشتبەستن بە دیموکراسی بەردەوام بکات. هەوراز و نشێوەکان، گرژی و قەیرانەکان کاتین. ئەوەی زوو یان درەنگ، بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە دیموکراسییە. بانگەوازەکەمان تەنها بۆ تورکیا نییە، بەڵکو ئامانجمان دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ پرسی پێکەوەژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە قەیرانی زۆری لێی کەوتووەتەوە. ئێمە بەرگری لە مافی هەبوون و دەربڕینی ئازادانەی هەموو ستەملێکراوان دەکەین.

ژنان، هێزی پێشەنگی کۆمەڵگەن و هیچ کۆمەڵگە و دەوڵەتێک ناتوانێت بەبێ لەبەرچاوگرتنیان بەردەوام بێت. لەم سەردەمەدا توندوتیژی خێزانی، کوشتنی ژنان و ستەمی باوکسالاری، هەموو گوزارشت لەو هێرشە مێژووییە دەکەن، کە بە کۆیلەکردنی ژن دەستی پێکردووە. هەر بۆیە ژنان ئازادیخوازترین پێکهاتە و هێزی وەگەڕخستنی ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیکن.

زمانی ئەم سەردەمە نابێت زمانی سەردەستی و دیکتاتۆری بێت. پێویستە ئەمە بکەینە بنەما؛ دەرفەت بدرێتە لایەنی بەرامبەر، بۆ ئەوەی گوزارشتی دروست لە خۆی بکا، بە دروستی گوێی بۆ بگیردرێ و دەرفەتی دەربڕینی راستییەکانی خۆی پێبدرێت.

پێکهێنانی هەموو ئەم مژارانە، پێویستی بە عەقڵێکی هاوبەشی پێشکەوتووە کە لەسەر بنەمای رێزی بەرامبەر، گەشەی کردبێت.

لەگەڵ سڵاو و رێزمدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.