شاری سوەیدای باشوری سوریا، کە بە پایتەختی مەعنەویی پێکهاتەی "دروز" دادەنرێت و خاوەن پێگەیەکی سیاسی و ئەمنیی تایبەتە، ئەمڕۆ دروزەکان گردبوونەوە و داوای دەوڵەتێکی عەلمانی و دیموکراتیکیان کرد.
دروزەکان، بە بۆنەی ساڵیادی سەربەخۆیی "دەوڵەتی جەبەل دروز" کە دوای ڕێککەوتنی سایکس - پیکۆ دامەزرابوو، لە مەیدانی ئیستقلال لە شاری سوەیدا گردبوونەوە و داواکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان خستەڕوو.
لە گردبوونەوەکەدا، دروزەکان داوای دەوڵەتێکی عەلمانی و دیموکراتیکیان کرد، کە ڕێز لە تەواوی هاوڵاتییان بگرێت.
هاوکات، جەختیان لە بەدیهێنانی دادپەروەری، ئاشکراکردنی دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و چارەنوسی کەسانی بێسەروشوێن و ڕفێندراو، و لێپرسینەوە لە تاوانباران کردەوە.
ڕۆژی 5ـی نیسان بۆ دروزەکانی سوریا، بەتایبەتی ئەوانەی چیای عەرەب، ڕۆژێکی مێژووییە، چونکە دوای ڕێککەوتنی سایکس - پیکۆ لە ساڵی 1916 کە ناوچەکەی دابەش کرد، دروزەکانی سوریا لە ساڵی 1921ـدا "دەوڵەتی جەبەل دروز"یان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ دامەزراند.