لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نووچە تیڤی، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هێشتا پەسەندکردنی کۆتایی پڕۆژەکە ماوە، بەڵام هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی جیهانیی "ئەسیکۆدا" گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بڕیارە سیستمەکە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەغدا توانیویانە لەسەر تەواوی ئەو خاڵانەی کە پێشتر جێگەی ناکۆکیی نێوان هەردوولا بوون ڕێککەوتن بکەن.
لە ئێستاشدا تەنیا ئەوە ماوە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە فەرمی پەسەندی بکات بۆ ئەوەی سیستمە نوێیەکە بە یەکگرتوویی لە سەرجەم خاڵە گومرگییەکاندا جێبەجێ بکرێت.