دادگای تێهەڵچوونەوەی ئیستەنبوڵ بڕیاری داخستنی کۆمەڵەی چاودێری کۆچی پەسەند کرد و پارێزەرانیش دۆسیەکەیان بردە بەردەم دادگای باڵای تورکیا بۆ تێهەڵچوونەوە.
دوای ئەوەی داواکاری گشتیی باکیرکۆی دۆسیەیەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی چاودێری کۆچ کردەوە، ژووری یاسایی لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ئیستەنبوڵ، بڕیاری دادگای بەرایی بە یاسایی دانا و پەسەندی کرد. لە بەرامبەردا، پارێزەران و دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بڕیارەکەیان ڕەتکردەوە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگای باڵا کرد بۆ ئەوەی قۆناغی کۆتایی دەست پێ بکات.
بیانوی دادگا، بە تاوان هەژمارکردنی چالاکییە مەدەنییەکانی کۆمەڵەکەیە و دەشڵین: کۆمەڵەکە بەگوێرەی ئایدۆلۆژیای "ڕێکخراوی تیرۆریستی" هەڵسوکەوتی کردووە.
بیانویەکی دیکەی دادگا ئەوەیە، کۆمەڵەکە دەستەواژەی "ستەم" بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەت بەکارهێناوە، ئەمەشی وەک سوکایەتیکردن بە دامەزراوەکانی دەوڵەت لێکداوەتەوە.
دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە دەڵێن: سوربوون لەسەر داخستنی کۆمەڵەکە، تەنها وەک فشارێکی سیاسی و هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبینین، بۆیە ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادگای باڵاین، تا چارەنووسی کۆتایی ئەم کۆمەڵەیە یەکلایی بکاتەوە.