زیادبوونی گرژییە نێودەوڵەتییەکان و بەردەوامیی ململانێ چەکدارییەکان وایکردووە وڵاتانی جیهان پشکێکی گەورە لە بودجەکانیان بۆ کەرتی سەربازی و کڕینی چەک تەرخان بکەن، ئەمەش گەورەترین بازدانی داراییە لە مێژووی پیشەسازی سەربازیدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی پەیمانگای سیپری بۆ ساڵی 2026، خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ و بڕی 2.887 تریلیۆن دۆلاری تۆمار کردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەمە یازدەیەمین ساڵە لە سەریەک ئەو خەرجییانە زیاد دەکەن و تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 2.9٪ گەشەیان کردووە.
هەروەها ئاشکرایشی کردووە، تێچووی چەک بۆ هەر تاکێک لە جیهاندا گەیشتووەتە 352 دۆلار و هەریەکە لە ئۆکرانیا، جەزائیر و ئیسرائیل لەو وڵاتانەن کە زۆرترین باری دارایی سەربازییان لە سەرە.