بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بڕیارێکی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی ماتۆڕسکیلە بێ تابلۆ و دەنگ بێزارکەرەکان دەرکرد و تیمەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان لەو سەرپێچیانە.
هاتوچۆى هەولێر بڵاویکردەوە، ماتۆڕی دەنگ بێزارکار و بێ تابلۆ هەمووانی هەراسان کردووە و بەشێک لەوانە لەلایەن گەنجانەوە بۆ سەرکێشى بەکاردێت، بۆیە بڕیارمانداوە دەست بە سەر سەرجەم ماتۆڕە بێسەرەتا و بێ تابلۆکاندا بگرین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تیمەکانمان بەبەردەوامیی و شەو و ڕۆژ هەڵمەتی فراوانی دەستگیرکردنی ئەو ماتۆرانە ئەنجام دەدەن و تا ئێستاش هەزاران دانەیان لە ناوبراون، کەچی بە رێگای جۆراوجۆر دەست هاووڵاتیان دەکەون".
ئاماژە بەوەشکراوە، بە گوێرەی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ هاوردەکردنى ماتۆڕ بۆ ماوەی چوار ساڵ قەدەغە کراوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا داوا لە هاووڵاتیان کراوە، ئەو جۆرە ماتۆڕانە نەکڕن، چونکە نە تۆمار دەکرێن و نە رێگایان پێ دەدرێت بێنە سەر شەقامەکان.