حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە فەرمی وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە لەسەر پرسی نەگەیشتنی چەک بۆ ناوخۆی ئێران و رایدەگەیێنێت، واشنتن دەیەوێت نەبوونی ستراتیژیی خۆی بخاتە ئەستۆی لایەنی کوردستانی.
خالید عەزیزی، گوتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە تێیدا لایەنی کوردی تۆمەتبار ببوو بەوەی "رێگر بووە لە گەیاندنی چەکی ئەمریکی بە دەست خەڵکی ناوخۆی ئێران"، رایگەیاند: "ئەم جۆرە بانگەشانە جێگەی داخی قووڵن".
گوتەبێژی حدکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک ئیدارەی ئەمریکا لە رووی سیاسی یان دیپلۆماسییەوە تووشی بنبەست دەبێت، هەوڵدەدات کورد بەرپرسیار بکات لە شکستەکانی یان لە نەبوونی ستراتیژێکی روون بۆ پشتگیریکردنی بەرگریی ناوخۆیی لە ئێراندا.
خالید عەزیزی جەختی لەوەش کردەوە، خستنەپاڵی کێشە سیاسی و لۆجیستییەکان بۆ سەر شانی کورد، نابێتە چارەسەر بۆ هیچ گرفتێک، بەڵکو تەنیا سەرنجەکان لەسەر کێشە و تەحەددییە سەرەکی و راستەقینەکان لادەبات.