ڕاستەوخۆ

حکومەتە کاتییەکەی شەرع سوریا هەڕاج دەکات

reset font size increase font size

ئامادەکردنی/ بڕوا ستار

حکومەتی کاتیی سوریا لە فڕۆکەخانەکانەوە بگرە تا بەندەرەکان، کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزە، سوریای خستووەتە ژێر وەبەرهێنانی سەرمایەی بیانی
.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی نوچە، لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا، ئەحمەد شەرع دەیان گرێبەستی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی ڕۆژئاوا واژۆ کردووە. ئەحمەد شەرع دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم گرێبەستانەوە ڕەوایەتی بۆ دەسەڵاتەکەی مەسۆگەر بکات، لە کاتێکدا گەلی سوریا بە دەست قەیرانی ئابووری، گەندەڵی، کێشەی ئەمنی و ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت.

ئەحمەد شەرع، کە لە کانوونی یەکەمی 2024دا بە هاوپەیمانی لەگەڵ زیاتر لە 10 گروپ دەستی بەسەر دیمەشقدا گرت، سەرەتا تەواوی گرێبەستەکانی سەردەمی بەشار ئەسەدی هەڵوەشاندەوە، دواتر ڕووی کردە وڵاتانی کەنداو و ڕۆژئاوا. گرێبەستە ملیاران دۆلارییەکانی لەگەڵ قەتەر، سعودیە، ئیمارات، ئوردن، ئەمریکا، فەڕەنسا و تورکیا، دەرەنجامی ئەو گەڕانەی شەرعە بەدوای شەرعیەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

قەتەر، کە لە ساڵی 2018ـەوە گەورەترین پاڵپشتی دارایی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانی عەفرینی کردووە، لە ساڵی 2024ـەوە بووەتە یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی دەسەڵاتەکەی شەرع.

لە 29ی ئایاری 2025، پێشەنگایەک بە سەرپەرشتی کۆمپانیای (ئۆرباکۆن)ی قەتەری و بەشداری کۆمپانیاکانی تورکیا و ئەمریکا، گرێبەستێکی گەورەی وزەی بە بڕی حەوت ملیار دۆلار واژۆ کرد بۆ دروستکردنی چوار وێستگەی کارەبای غاز و پڕۆژەی وزەی خۆر بە توانای پێنج هەزار مێگاوات.

لە ئابی 2025، هەمان ئەو کۆمپانیا قەتەرییە بۆ ماوەی 30 ساڵ و بە بڕی چوار ملیار دۆلار گرێبەستی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی فڕۆکەخانەی دیمەشقی وەرگرت.

لە شوباتی 2026، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای قەتەری ئۆیل و شێڤرۆنی ئەمریکی واژۆ کرا بۆ گەڕان بەدوای نەوت و غازدا.

 دوای هەڵگرتنی سزاکانی یاسای قەیسەر لەلایەن ئەمریکاوە لە کانوونی یەکەمی 2025، سعودیە بووە گەورەترین وەبەرهێنەر لە سوریا، بەتایبەتی لە کەرتی نەوتدا.

 لە 9ی کانوونی یەکەمی 2025، گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی سعودی واژۆ کرا.

سعودیە سندوقێکی وەبەرهێنانی بە بڕی دوو ملیار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکانی حەلەب تەرخان کرد، هاوکات هێڵی ئاسمانیی (فڵایناس سوریا) دامەزرا و 49%ـی پشکەکانی سعودییە خاوەنداریەتی دەکات.

 پڕۆژەی تەلەفۆنی (سیلک لینک) بە بڕی یەک ملیار دۆلار و چەندین گرێبەستی تر بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار واژۆ کران.

 دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕوسیا و کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوییەکانی لازقیە و تەڕتوس لە ئازاری 2025، حکومەتی کاتیی سوریا ژێرخانی ئەم ناوچانەی ڕادەستی وڵاتانی دیکە کرد.

دوای ئەوەی گرێبەستە 49 ساڵییەکەی ڕوسیا هەڵوەشێنرایەوە، بە گرێبەستێکی 800 ملیۆن دۆلاری، بۆ ماوەی 30 ساڵ لەگەڵ کۆمپانیای (دی پی وێڵد)ی ئیماراتی واژۆکرا.

 بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار گرێبەستی کاراکردنەوەی تێرمیناڵەکانی بەندەری لازقیە لەگەڵ کۆمپانیای (CMA CGM)ی فەڕەنسی واژۆ کرا.

دەوڵەتی تورکیا، کە لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سوریاوە پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانی کردووە، ئێستا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی کاتیی سوریا بووە بە کوڕ و باوک.

لە شوباتی 2025، تورکیا تەواوی کۆتوبەندەکانی هەناردە و هاوردەی بۆ سەر سوریا هەڵگرت و دەروازە سنورییەکانی چالاکتر کرد. 

کۆمپانیا تورکییەکانی وەک (کالیۆن و جەنگیز) بەشێکی سەرەکین لە گرێبەستە حەوت ملیار دۆلارییەکەی وزە. هەروەها هەمان ئەو دوو کۆمپانیایە لەگەڵ کۆمپانیای (تاڤ) بەشدارن لە پڕۆژە چوار ملیار دۆلارییەکەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی دیمەشق. 

بەگوێرەی ئامارەکان، تەنها لە یەک ساڵی تەمەنی حکومەتی کاتیی سوریا، قەبارەی وەبەرهێنان و بازرگانی نێوان تورکیا و سوریا 15 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.