ڕاستەوخۆ

حکومەتی ئێران هەنگاوی دادوەری و سەربازیی توند دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەگرێتەبەر

reset font size increase font size

لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و زیادکردنی هێرش و گوشارەکانی تاران دژی حزبەکان و چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حکومەتی ئێران لە نوێترین هەنگاویدا لە ڕێگەی دەزگای دادوەرییەوە هەوڵی ڕادەستکردنەوەی سەرکردە و ئەندامانی حیزبە کوردییەکان دەدات. تاران لە کاتێکدا دەرگای دانوستانی لەگەڵ ئەمریکا کردووەتەوە، بەڵام پێداگرە لەسەر درێژەدان بە سیاسەتە ئەمنی و سەربازییە توندەکانی لە کوردستان.

دوای دەستپێکردنی جەنگ، گوشارە سەربازی، ئەمنی و دادوەرییەکان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی و حزبەکانی ڕۆژهەڵات گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و هەر دەنگێکی ناڕازی بە تۆمەتی قورسی ئەمنی سەرکوت دەکرێت. ئەم سیاسەتە لە ناوخۆی خاکی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت؛

 بەپێی ئامارەکانی تیمی کوردستانیی ڕێکخراوی CPT، لە کۆی 751 هێرشی درۆنی و موشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، نزیکەی 230 هێرش کراوەتە سەر کەمپ و بنکەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات، کە 86 هێرشیان لە ماوەی ئاگربەستدا بووە و تەنها لەو ماوەیەدا 5 ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە.

پەرەسەندنی گرژییە مەیدانییەکان لە ڕۆژهەڵات

هاوشانی گوشارە دەرەکییەکان، دۆخی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو گرژ بووە:

تۆپباران و پێکدادان: ناوچەکانی مەریوان، بانە و مەهاباد لە هەفتەی ڕابردوودا شاهیدی تۆپباران، جێگیرکردنی چەکی قورس و پێکدادانی توندی چەکداری لە نێوان سوپای پاسداران و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

داخرانی دەرگای گفتوگۆ: تاران دوای نزیکەی پێنج دەیە ململانێ، دەرگای ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا کردووەتەوە، بەڵام لە ناوخۆدا پێداگرە لەسەر بەردەوامیی سیاسەتی داخرانی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ کورد.

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی سەرکردە کوردییەکان

ئاژانسی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران ئاشکرای کردووە کە قۆناغێکی نوێی گوشاری یاسایی دژی ئۆپۆزیسیۆنی کورد دەستپێکردووە.

میزان بڵاویکردووەتەوە، دوای تۆمارکردنی چەندین سکاڵا، بۆ ژمارەیەک لە سەرکردە و ئەندامانی پارتەکانی (پژاک، دیموکرات، کۆمەڵە و پاک) حوکمی دادوەری و ئاگاداریی سووری ئینتەرپۆڵ (سەر بە پۆلیسی نێودەوڵەتی) دەرچووە.

 بەپێی ئاژانسەکە، داواکاریی فەرمی بۆ هاوکاریی یاسایی و ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانە بۆ حکومەتی عێراق و وڵاتانی ئەوروپی لەوانە بەلجیکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و سوید نێردراوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.