حكومهتی ههرێمی كوردستان پێچهوانهی یاسایهكی پهرلهمان ڕێگری كرد لهوهی ئهمڕۆ 9ی نیسان بكرێته پشوو و ڕایگهیاند، دهوامی دام و دهزگاكان ئاساییه.
دوێنێ چوارشەممە 8ی نیسان، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی کورتی بڵاوکردەوە و تیایدا نوسی، سبەی پێنجشەممە 9ی نیسان دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێت.
پشووی ڕۆژی 9ی نیسان بە بڕیار و ڕێنمایی حکومی دانەنراوە، بەڵکو بە یاسای ژمارە 17ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.
شارەزایەکی یاسایی بە نوچە تی ڤی ڕاگەیاند، دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) لە سەروو دەسەڵاتی جێبەجێکارەوەیە و حکومەت دەبێت پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەریان دەکات.
ئاشکراشیکرد، بە گوێرهی مادەی 329 لە یاسای سزادانی عێراقی کە هەرێمی کوردستانیش پەیڕەوی دەکات، ئەم بڕیارەی حکومەت دەچێتە خانەی ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی یاسا.
لە دەقی مادە یاساییهکەدا هاتووە، سزا دەدرێت بە بەندکردن و پێبژاردن، یان یەکێک لە ئەو دوو سزایە، هەر فەرمانبەرێک یان ڕاسپێردراوێک بە خزمەتی گەل کە وەزیفەکەی بەکار بهێنێت بۆ ڕاوەستاندن یان لەکارخستنی جێبەجێکردنی فەرمانە دەرچووەکان لە حکومەتەوە یان حوکمی یاسا و ڕێساکان یان هەر حوکمێک یان فەرمانێک کە لە یەکێک لە دادگاکان یان هەر دەسەڵاتێکی تایبەتەوە دەرکرابێت.
ئەو شارەزایە گوتیشی، بە گوێرهی ئەو دەقە یاساییانە فەرمانبەران دەتوانن پابەند نەبن بە بڕیارەکەی حکومەتەوە و دەشکرێت لە دادگاکانی هەرێم داوای یاسایی لەسەر حکومەت تۆمار بکرێت و داوای سزادانی ئەوانە بکرێت کە بڕیارەکەیان دەرکردووە كه بههۆیهوه ئهمڕۆ نهكرایه پشوو.
بڕیارهكهی حكومهت له كاتێكدایه، ساڵانی ڕابردوو، ڕۆژی 9ی نیسان هاوشێوهی ناوچهكانی دیكهی عێراق، له پارێزگاكانی ههرێمی كوردستانیش دهكرا به پشوو.