ڕاپۆرتی/ کوردستان لەزگییەڤا
لە 2ی ئازاری 2026، لەکاتی کردنەوەی بازاڕی نەوت لە لەندەن، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 13% بەرزبووەوە و گەیشتە 82.37 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام دواتر نرخەکەی 5.8% دابەزی، ئەمە کاردانەوەی بازاڕی نەوت بوو بەرامبەر بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
شەوی 1-2ی ئابی 1990، هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر کوێت و داگیریان کرد و شەڕی کەنداویان دەستپێکرد. ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک لە 19 دۆلارەوە بۆ 22 دۆلار. لە 6ی ئابی ساڵی 1990 بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی بازرگانی نەوتی عێراقی سەپاند. لە ئەنجامدا تا کۆتایی مانگی ئەیلول، نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی ئەوکاتە کە 41 دۆلار و 45 دۆلار بوو، بەڵام دواتر بۆ 30 دۆلار دابەزی. لە 17ی 1ی 1991 هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی بیابانی بۆ ڕزگارکردنی کوێت لەژێر داگیرکاری عێراق دەستپێکرد. لە هەمان کاتدا سەرۆکی ئەمریکا جۆرج ئێچ. بۆش بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی نەوت لە بازاڕی ناوخۆدا فەرمانی ئازادکردنی یەدەگی ستراتیجی نەوتی دەرکرد. هەر لەو ڕۆژەدا نرخی نەوت دابەزی بۆ 19 دۆلار. سەرەڕای هێرشەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عێراق، و کشانەوەی عێراقییەکان لە کوەیتی داگیرکراو و سووتاندنی زۆربەی بیرە نەوتییەکان، نرخی نەوت لە 15-20 دۆلار جێگیر بوو و بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکان لەوێ مایەوە. ڕووخانی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 لە لایەن ئۆپەراسیۆنێکی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، بەهۆی گەمارۆکانەوە گۆڕانکاریی توندی بازاڕی لێ نەکەوتەوە.
ئێستاش کە جارێکی دیکە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026وە دەستیپێکردووە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو 100 دۆلاری تێپەڕاندووە.